تائێستا ٦ پێشمەرگەکەی خورماتوو لەبارەگایەکی هاوبەشی ‌هێزەکانی بەدرو پێشمەرگەدا گیراون

بەرپرسی بازنەی حەمرینی یەکێتی نیشتمانی کوردستان، مەلا کەریم شوکر رایگەیاند" لەهەوڵی چارەسەرکردنی کێشەی ٦ پێشمەرگە گیراوەکەی ناوچەی خورماتووین و ئێستا لە بارەگایکەی هاوبەشی نێوان ئێمەو هێزەکانی بەدر زیندان".

مەلا کەریم شوکر لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ سپی میدیا رایگەیاند " سەرقاڵی چارەسەری کێشەکەی نێوان پێشمەرگەو سوپای بەدرین و ئێستا ئەو شەش پێشمەرگەیە لەبارەگایەکی هاوبەشی نێوان پێشمەرگەو سووپای بەدردا گیروان".

ئەو بەرپرسە وتی "هێزەکانی بەدر داوایان تۆمارکردووەو دەیانەوێت ئەو کەسە بدۆزنەوە کە چەکدارەکەی ئەوانی کوشتووە، بۆیە ئەو شەش پێشمەرگەیە دەستگیرکراون و ئەوان گومان دەکەن تەقەکەرەکان لەنێو ئەو شەش کەسەدا بن".

مەلا کەریم ئاماژەی بۆ ئەوە کرد لەرۆژانی داهاتوودا ئەو کێشەیە چارەسەر دەکرێت و تەنها ئەو پێشمەرگە دەمێنێتەوە کە گومانی لێ دەکرێت تەقەی کردبێت".

ئەو بەرپرسە سەرهەڵدانی کێشەکەی بۆ ئەوە گیڕایەوە کە بارەگایەکی هێزی پێشمەرگە هەیە لەنێوان ( نەوجول و خدر وەلی)و هێزەکانی بەدریشی لێیە، بەهۆی هاتوچۆی هەردوولاوە ئەم کێشەیە دروستبووە. 

سەرەتای ئەم هەفتەیە بەهۆی ڕێگریكردن لە دەروازەی شارەدێی یەنگیجە، شەڕ لە نێوان هێزێكی پێشمەرگە و چەكدارانی بەدری شیعە ڕوویدا و لە ئەنجامدا چەكدارێکی سوپای بەدر كوژراو چەکدارێکی ترو پێشمەرگەیەکیش بریندابوون و شەش  پێشمەرگەش دەستگیركران.
   



AM:11:48:23/10/2014