بەغدا ٢٦ ملیار دینار پارەی گەنمی جوتیارانی بۆ هەرێم ناردووە

وەزارەتی بازرگانیی عێراق ڕایگەیاند، تاوەکو ئێستا ٦٨ هەزار تۆن گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان وەرگیراوە و ٢٦ ملیار دیناریش نێردراوە.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، حەیدەر گەرعاوی، بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای گشتیی بازرگانی دانەوێڵە لە وەزارەتی بازرگانیی عێراق ڕایگەیاند" تاوەکو ئێستا ٦٨ هەزار تۆن گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان وەرگیراوە، پڕۆسەی وەرگرتنی گەنم بەردەوام دەبێت".

سەبارەت بە پارەی گەنمی جوتیارانی هەرێم ئاماژەی بەوەکرد، تاوەکو ئێستا ٢٦ ملیار دیناری شایستەی دارایی جووتیاران بۆ هەرێمی کوردستان نێردراوە.

وتیشی، تاوەکو ئێستا چوار ملیۆن و ٦٧٠ هەزار تۆن گەنمی جووتیاران لە سەرتاسەری عێراق وەرگیراوە و، پرۆسەی وەرگرتنیش بەردەوامە.

حکومەتی هەرێم و عێراق ڕێککەوتوون کە ئەمساڵ ٧٠٠ هەزار تۆن گەنمی هەرێمی کوردستان وەردەگرێت، بۆ هەر تۆنێک ٨٥٠ هەزار دینار دەداتە جووتیاران.

لە پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە ٢٨٢ هەزار و ٦٦٠ تۆن وەردەگیرێت، لە پارێزگای هەولێر ٢٢٨ هەزار تۆن و لە پارێزگای دهۆک ١٨٩ هەزار تۆن وەردەگیرێت.


PM:12:37:13/06/2024