ئەمڕۆ پێنج شەممە ١٣ی حوزەیرانی ٢٠٢٤ سەرباری هەموو ڕێگرییەکانی ئاسایش لە ژینگە پارێزان و چالاکوانان، دەقی بەیاننامەی (گۆیژە بپارێزە) لە لایەن تیمی (گۆیژە بپارێزە) خوێندرایەوە.
وتیشی" تا ئێستا دەستدرێژییەکان بۆسەر شاخى گۆیژە بەردەوامى هەیە، لە دواى ناڕەزایى و فشارى بەردەوامى گۆیژە بپارێزە، نەک ڕانەوەستاوە، بەڵکو ژمارەى ئامێر و ستاف زیادکراوە و بەردەوامن لە تێکدان و شێوانى ئەو چیا جوان و بڵندەى کە بۆ کۆمپانیاکانى دەسەڵات ڕووتەنە و بۆ ئێمەش ماناى سروشت و ژیان و بوونە".
ڕاشیگەئاند" ئێمە ئەمڕۆ لێرە کۆبووینەتەوە لە پێناو پرسى پاراستنى ژینگە و سروشت و موڵکی گشتی، بانگەوازى لە تەواوى هاونیشتیمانیان و ژینگەدۆستان و ژیاندۆستان دەکەین، هەموومان پێکەوە، کاربکەین بۆ ڕاگرتنی تەواوی ئەو دەستدرێژییانەى، کە دەکرێنە سەر سروشتی جوانى کوردستان و بەتایبەت شاخ و ژینگەى سروشتى شاری سلێمانی".
دەقی بەیاننامەکە بەمشێوەیەیە:
بەیاننامەی گۆیژە بپارێزە ئەمرۆ لە شاخی گۆیژە سەرەرای ڕێگرییەکان، خوێندرایەوە.
وا مەزانن ئەم چیایە
هەر کۆمەڵێ بەرد و کەڤر و گژ و گیایە
هەربەردێکی جانتایەکە عەشقنامەی
عاشقێکی لە بندایە
هەر کەڤرێکی ئاوێنەیە و
وێنەی سەد شەهیدی تیایە
هەر کانییەک لەم چیایە هەڵقوڵاوە
ئاو نیە خوێنی شەهیدە
بۆ بەرگری لەم چیایە ڕژاوە
هەموو پووش و پەڵاشێکی ئەو چیایە
ڕمی ژەهراوی ناودڵی
سەد سوڵتان و نادرشایە
ئەو چیایە تووڕە مەکەن تکایە
با هەمووتان تێکنەشکێنێ
بەشەپۆلی ڕەشەبایە
^لەتیف هەڵمەت^
• گۆیژە بپارێزە بەردەوام دەبێ.
• سازش لەسەر هیچ شاخێکى کوردستان ناکات.
• هەموو ڕێگاکانى خەباتى مەدەنى و یاسایى دەگرێتەبەر بۆ پاراستنى شاخى گۆیژە لە دەستدرێژى کۆمپانیاکان.
• پاڵپشتى هەر ڕێکخراو و گروپێکى ژینگەیى دەکات کە داکۆکی لە پاراستنى ژینگەی سروشتى شاخەکانى کوردستان دەکات.
• پرسى ژینگە و شاخ و گۆیژە دەکەین بەپرسى گەرمى ڕۆژ و لە ڕۆژەڤدا دەیهێڵینەوە.
وەک ئاشکرایە تا ئێستا دەستدرێژییەکان بۆ سەر شاخى گۆیژە بەردەوامى هەیە، لەدواى ناڕەزایى و فشارى بەردەوامى گۆیژە بپارێزە، نەک ڕانەوەستاوە، بەڵکو ژمارەى ئامێر و ستاف زیادکراوە و بەردەوامن لە تێکدان و شێوانى ئەو چیا جوان و بڵندەى کە بۆ کۆمپانیاکانى دەسەڵات ڕووتەنە و بۆ ئێمەش ماناى سروشت و ژیان و بوونە.
ئێمە ئەمڕۆ لێرە کۆبووینەتەوە لە پێناو پرسى پاراستنى ژینگە و سروشت و موڵکی گشتی. بانگەوازى لە تەواوى هاونیشتیمانیان و ژینگەدۆستان و ژیاندۆستان دەکەین، هەموومان پێکەوە، کاربکەین بۆ ڕاگرتنی تەواوی ئەو دەستدرێژییانەى، کەدەکرێنە سەر سروشتی جوانى کوردستان و بەتایبەت شاخ و ژینگەى سروشتى شاری سلێمانی.
ڕەمزی ئەو دەستدرێژیانەش کە ڕاى گشتى و ڕێکخراوەکان و میدیاکانى جوڵاندووە، دەستدرێژییە بۆ شاخى دێرینى گۆیژە، کە هەزاران ساڵە خاوەندارێتى لێ دەکەین، بەڵام ئەمڕۆ و بەبەرچاوى هەموومانەوە، چاوچنۆکانە گۆیژە شەقار شەقار دەکرێت، هەڵدەلوشرێ و تەختى زەوى دەکرێت، لەپێناو کەڵەکەکردنى سەرمایەى زیاتر و زیاتر، بۆ حزب و دەسەڵاتى شکستخواردوو.
کە ئەمە وێرانکارییەکی گەورەی ژینگەى سروشتى و سەرپێچیی گەورەی یاساییە و ئەوپەڕی نابەرپرسیارێتی و مامەڵەى نا ئەخلاقی ژینگەییە، کە دەرحەق بەژیانى هەموو بوونەکان و دانیشتووانى بەشەرەفى شارى سلێمانى دەکرێت.
داوادەکەین:
1. ئەو مۆڵەتانەى دراون بەو کۆمپانیا و پڕۆژانەى دەستدرێژییان کردووەتە سەرشاخى گۆیژە و تێکیانداوە و شێواندوویانە و لە ئێستاشدا بەردەوامن، سەرجەم مۆڵەتەکانیان هەڵبووەشێنرێتەوە.
2. ڕێگە بەهیچ کۆمپانیا و کەسێک نەدرێت دەستدرێژى بکاتە سەر ژینگەى سروشتى شاخى گۆیژە.
3. ئەو کەس و بەرپرسانەى بە نایاسایى مۆڵەتیان بە پڕۆژەکانداوە ڕووبەڕووى سزایى یاساى بکرێنەوە.
ئێمە لە گۆیژە بپارێزە، دەسەڵات، وە سەرۆکى حزبى دەسەڵاتدارى ئەم ناوچەیە، سەرۆکایەتى داواکارى گشتى، وەزارەت و دەستە و فەرمانگە پەیوەندیدارە بێ هەڵوێستەکانى ژینگە و دارستان و ئاو و دارایى، ئەنجومەنى سەرۆکایەتى شارەوانى سلێمانى، فەرمانگەى ژینگەى سلێمانى، بە بەرپرسى یەکەم دەزانین لە تەواوى ئەو دەستدرێژییانەى کراون و دەکرێنە سەر ژینگەى سروشتى شاخى گۆیژە. وە بەبەرپرسیشان دەزانین لە جێبەجێکردنى تەواوى داواکارییەکانمان. هەربۆیە لە بەرامبەر ئەرکى ئەخلاقى ژینگەیى و یاسایى و مێژوویدان و نەوەکانمان بەزەییان بۆیان نابێت.
گۆیژە بپارێزە
13/6/2024
#گۆیژە_بپارێزە
#احمي_جبل_گۆیژە
#Protect_Goizha_Mountain