گۆیژە- بپارێزە دەستدرێژییەکانی ئاسایش لە دژی خۆپیشاندەرانی ئەمڕۆی بناری گۆیژە رادەگەیەنێت


تا ئێستا کارلێکەکانی گردبوونەوەی ئەمڕۆی ژینگە پارێزان و رۆشنبیران لە بناری گۆیژە دژی شێواندنی چیاکە بەردەوامەو ، گۆیژە - بپارێزە ئەو پێشلێکاریانە رادەگەیەنێت کە ئەمڕۆ دژی خۆپیشاندەران ئەنجامدراوە.

لە بەیاننامەکەدا کە ئەمشەو ١٣ ی حوزەیران بڵاوکرایەوە هاتووە " جێگەی هەڵوێستەکردنە کە هێزە ئەمنییەکان ژمارەیەک لەچالاکوانانی مەدەنی هاوڕێ و هاوسۆزی ئێمەیان لەناوشاری سلێمانیدا دەستگیر کردووە تەنانەت پێش ئەوەی بگەنە سەر شاخی گۆیژە. لە هەمان کاتدا ژمارەیەکی تر لە چالاکوانانی ژینگە پارێز و ئەندامانی گۆیژە بپارێزە پێش ئێمە گەیشتوونەتە شوێنی چالاکییەکە، بەڵام لەلایەن هێزە ئەمنیەکانەوە لەچیای گۆیژە بێ بوونی هێچ نوسراوێکی فەرمی لەلایەن دادوەرەوە، دەستگیر کرابوون و ڕفێندرابوون بۆ ئاسایشی گشتی".
هەروەها ئەوەش خراوەتەڕوو " کاتێک ئێمە گەیشتینە گۆیژە و گۆڕەپانی چالاکییەکە لە لایەن ئاسایشەوە پەلاماریان داین دەستدرێژی کرایە سەر چالاکوانان، رێگیرکرا لە ئەنجامدانی نارەزایەتییەکە، ئەوان هێرشیان کردە بەشداربووان پەلاماریان دان، ئازاری جەستەیی و دەروونی ڕێکخەراندرا، تەشهیر و جنێویاندا، مۆبایلەکانیان دەستبەسەرداگرت و ڕێگەیاننەدا هیچ میدیایەک ڕووماڵ بکات و دەستیانگرت بەسەر سەرجەم کەلوپەلەکانیان، وەڕێگەیاننەدا بەمۆبایلیش ئەو دەستدریژییانە تۆمار بکرێن و دەستیان بەسەر مێزی چالاکییەکەشدا گرت".

دەقی راگەیاندنەکە..
 
بەیاننامەی ژمارە چوار: بەیاننامەی ئیدانەی دەستدرێژی ئاسایشی سلێمانی

ئێمە وەک گۆیژە بپارێزە، بەشێک لە ڕێکخراوە ژینگەییەکان، چالاکوانانی مەدەنیی، مامۆستایانی زانکۆ، نووسەران، هونەرمەندان و چین و توێژە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستان بە ئامانجی وەستانەوە بەرامبەر ئەو دەستدرێژییانەی کراونەتە سەر شاخەکانی هەرێمی کوردستان و شاخی گۆیژە ئەمرۆ بەرواری ٢٠٢٤/٦/١٣ بۆ ئەنجامدانی چالاکی هونەری مەدەنی بەرەوە شاخی گۆیژە بەرێکەوتین.
جێگەی هەڵوێستەکردنە کە هێزە ئەمنییەکان ژمارەیەک لەچالاکوانانی مەدەنی هاوڕێ و هاوسۆزی ئێمەیان لەناوشاری سلێمانیدا دەستگیر کردووە تەنانەت پێش ئەوەی بگەنە سەر شاخی گۆیژە. لە هەمان کاتدا ژمارەیەکی تر لە چالاکوانانی ژینگە پارێز و ئەندامانی گۆیژە بپارێزە پێش ئێمە گەیشتوونەتە شوێنی چالاکییەکە بەڵام لەلایەن هێزە ئەمنیەکانەوە لەچیای گۆیژە بێ بوونی هێچ نوسراوێکی فەرمی لەلایەن دادوەرەوە، دەستگیر کرابوون و ڕفێندرابوون بۆ ئاسایشی گشتی و پاش دەست بەسەر کردن بۆماوەی چوار کاتژمێر بێ هیچ پرسیار و وەڵامێک ئازادیان کردوون. کەلەناویاندا خاوەنی بڕوانامەی دکتۆرا لەبواری ژینگەیی هەبوو کە مامۆستای زانکۆی پۆلیتەکنیکە و شارەزای تەواوی کاریگەرییەکانی تێکدانی گۆیژەیە لەسەر ژینگە. ئێمە بۆ رای گشتی ئاشکرا دەکەین ژمارەی دەستگیرکراوانی ئەمرۆ سێ ژینگەپاریز بوون.
 کاتێک ئێمە گەیشتینە گۆیژە و گۆڕەپانی چالاکییەکە لە لایەن ئاسایشەوە پەلاماریان داین دەستدرێژی کرایە سەر چالاکوانان، رێگیرکرا لە ئەنجامدانی نارەزایەتییەکە، ئەوان هێرشیان کردە بەشداربووان پەلاماریان دان، ئازاری جەستەیی و دەروونی ڕێکخەراندرا، تەشهیر و جنێویاندا، مۆبایلەکانیان دەستبەسەرداگرت و ڕێگەیاننەدا هیچ میدیایەک ڕووماڵ بکات و دەستیانگرت بەسەر سەرجەم کەلوپەلەکانیان، وەڕێگەیاننەدا بەمۆبایلیش ئەو دەستدریژییانە تۆمار بکرێن و دەستیان بەسەر مێزی چالاکییەکەشدا گرت. 
بەڵام سەرەڕای رێگرییەکان گۆیژە بپارێزە سوربووین لەسەر ئەنجامدانی چالاکییە ناڕەزاییەکان:
• لەشوێنی چالاکییەکە ماینەوە.
• دروشم و پەیامەکانمان بەرزکردەوە. 
• بەیاننامەکەمان خوێندەوە. 
• بەکۆرس شیعری شاعیری گەورەی کورد بەختیار زێوەرمان وتەوە.
• دواتر و لەژێر فشاری بەشدارانی چالاکییەکە، هێزەکانمان ناچارکرد مۆبایلەکان بدەنەوە بە بەشداربووان. 
ئێمە وەک گۆیژە بپارێزە ئەو پەلامار و هێرشەی ئەمرۆی ئاسایش شەرمەزار دەکەین و بە دەستدرێژی بۆ سەر ئەم نیشتمانە و پیرۆزیییەکانی لێی ئەڕوانین چونکە پەیامی ئەم چالاکییەی ئەمڕۆ بۆ خزمەتی خاکی کوردستان و پاراستنییەتی بۆ نەوەی ئەمرۆ و داهاتوو. 
 تا ئێستە هیچ بەرپرسێکی ئەم ناوچەیە ئیدانەی ئەم دەستدریژییانەی ئاسایشی نەکردووە، ئەمەش ئەوە پشت راست دەکاتەوە کە بەرپرسانی ئەم ناوچەیە پارێزەری بەرژەوەندی کۆمپانیاکانن و بەلکو بوون بە پاسەوانیشیان.
گۆیژە بپاریزە بەردەوام ئەبێت لە خەباتی مەدەنیی و ژینگەیی هەموو رێگەیەکی مەدەنیی و یاسایی دەگرێتە بەر بۆ راوەستاندنی کۆی ئەو پرۆژانەی ئەمرۆ لە بناری گۆیژەدا کار ئەکەن.
٢٠٢٤/٦/١٣



PM:11:31:13/06/2024