ئاگرەکەی شەقامی گوڵانی هەولیر تا ئێستا کۆنترۆڵنەکراوە

ئەمشەو پێنج شەممە ئاگرێکی تر لە هەولێر لە شەقامی گوڵان لەسەر شەقامی ٤٩ مەتری لە بینایەکی دەیان نهۆمی کەوتۆتەوەو تا ئێستا بەهۆی نەبوونی پەیژەی بەرزی ئاگر کوژاندنەوە ئاگرەکە بەردەوامە، ژمارەی ئەو ئاگرانەی لە پێنج مانگی رابردوودا لە پارێزگای هەولێر کەوتوونەتەوە ٤٠٣ ئاگر کەوتنەوەیە. 

ئەمشەو پێنج شەممە جارێکی تر ئاگرێکی نوێ لە هەولێر لە بیانایەکی گەورەی دەیان نهۆمی کە تازە دروستدەکرێت کەوتۆتەوەو تا ئامادەکردنی ئەم هەواڵە ئائگرەکە زیاتر لە چوار کاتژمێرە بەردەوامە و هیچ ئومێدێکیش لە  ئارادانییە بۆ کوژاندنەوەی بەهۆی بەرزی بیانەکەو نەبوونی پەیژەو کەلوپەلی پێویست کە بگاتە ئەو بەرزییە تا ئاگرەکە بکوژێنرێتەوە.

هێزەکانی بەرگری شارستانی هەولێر تیمەکانیان سەرقاڵی کوژاندنەوەی ئاگرەکەن و دوورخستنەوەی خەڵک و ئەو ئۆتۆمبیلانەی بە شەقامی ٤٠ مەتریدا تێدەپەڕن، بینا نوێکە زیاتر لە قۆناغی تەختەو داردایە و قات بەقات ئاگرەکە لە نهۆمەکانی سەرەوە بەرەو خوارەوە دەڕوات و لە باری پانیش فراوانتر دەبێت.

دوێنێ شەویش چەند ئاگرێکی گەورە لە ناوچەی گوێر لە کۆگای چەند پاڵاوگەیەکی نا یاسایی کەوتەوەو دوای ٢٠ کاتژمێر ئاگرەکە کۆنترۆڵکراو، بەپێی لێدوانی شاخەوان سەعید وتەبێژی به‌رگری شارستانی هه‌ولێر " ١٤ كارمه‌ند و ئه‌ندامی هێزه‌كانمان برینداربوون، ١٠ کارمەندیش تووشی تەنگە نەفەسی بوون و چوار ئۆتۆمبێلی بەرگری شارستانیش سووتاون".

بەپێی ئامارەکانی بەرگری شارستانی لە پارێزگای هەولێر لە ماوەی پێنج مانگی رابردوودا ٤٠٣ حاڵەتی ئاگرکەوتنەوە روویداوە، ٢٠٠ حاڵەتیان بەهۆی کارەباوە بووە، ٧٧ حاڵەتی کەمتەرخەمییەوە بووە.  


   





AM:12:36:14/06/2024