لە بۆکان مامۆستایەکی زمانی کوردی بە کەفالەت ئازاد کرا

سووسەن حەسەن زادە چالاکوانی مەدەنی و مامۆستای زمانی کوردی خەڵکی شاری بۆکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دوای ٢٨ رۆژ لە دەستگیرکردنی بە کەفالەت ئازاد کرا.

بەپێی هەواڵێکی رێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی چوارشەممە ١٢ی حوزەیرانی ٢٠٢٤ سووسەن حەسەن زادە چالاکوانی مەدەنی و مامۆستای زمانی کوردی خەڵکی شاری بۆکان، بە کەفالەتی ٨٠٠ ملیۆن تمەنی ئێرانی و بەشێوەی کاتی تا کۆتایی هاتنی پرۆسەی دادگاییکردنەکەی لە بەندیخانەی ناوەندی ورمێ ئازادکراوه.

ڕۆژی ١٥ی ئایاری ٢٠٢٤ هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران هەڵیانکوتایە سەر ماڵی سووسەن حەسەن زادە و بەبێ هیچ بەڵگەیەکی دادوەری ناوبراویان دەستگیرکرد، لەو ماوەیەشدا لە مافی بینینی پارێزەر بێبەش ببوو و تەنیا یەکجار لە ڕێگەی پەیوەندی تەلەفۆنییەوە توانی قسە لەگەڵ خانەوادەکەیدا بکات. 


PM:12:21:14/06/2024