درۆنەکەی دوێنێ شەو کە بۆردوومانی هەزارمێردی کرد ماڵی بەرپرسێکی ئەمنی یەکێتی کردووەتە ئامانج

دوێنێشەو نزیک کاتژمێر ٨ی  دەنگی تەقینەوەیەکی گەورە لە نزیک گوندی هەزارمێرد بیسترا، بەپێێ ئەو زانیاریانەی دەست (سپی) کەوتووە ئەو دەنگە دڕۆنێکی بۆمبڕێژکراوی تورکی بووە و باخی بەرپرسێکی ئەمنی یەکێتی  کردووەتە ئامانج.

بەپێی زانیارییەکانی ماڵپەڕی(سپی) دوێنێ کاتژمێر ٨ی ئێوارە دڕۆنێکی بۆمبڕێژکراوی تورکی ماڵی ( پۆڵۆ شاڵاو عەلی ئەسکەری) کە بەرپرسێکی دەزگای ئیستخباراتی هێزی پێشمەرگەی یەکێتی نیشتمانی کوردستانە، لە گوندی دێ کۆن  کردووەتە ئامانج، ئەو لایانەی کە هێرشەکەی ئەنجام داوە بەگوێرەی زانیارییەکانی( سپی)  دڕۆنەکە تورکی بووە و بۆمبڕێژکراوبووە.

(سپی) زانیوێتی کە دڕۆنەکە لە نزیک باخێکی ئەو بەرپرسە( پۆڵۆ شاڵاو عەلی ئەسکەری)  کەوتووەتە خوارەوە و زیانێکی گیانی و ماددی نەبووە و ئەو بەرپرسە ئەمنییەی یەکێتی لە ئێستادا لەدەرەوەی کوردستانە.

هەندێک سەرچاوە ئاماژەبەوەدەکەن کە ئەو بۆردوومانە دڕۆنییەی تورکیا تەنها بەمەبەستی  ئاگادارکردنەوە و ترساندنی یەکێتی بووە کە ماوەیەکی زۆرە  ناکۆکی و ململانییەکی زۆری لەگەڵ تورکیا هەیە لەسەر پەیوەندی لەگەڵ پارتی کرێکارانی کوردستان( پەکەکە). 



PM:02:06:14/06/2024