عەلی باقری لە سلێمانی لەگەڵ لایەنە ئیسلامییەکان‌و گۆڕان وسۆسیالیست کۆبووە

لە سەردانەکەیدا بۆ سلێمانی عەلی باقری سەرپەرشتیاری وەزارەتی دەرەوەی ئێران گەیشتە شاری سلێمانی و لە کونسوڵخانەی ئێران لەگەڵ بزووتنەوەی گۆڕان، کۆمەڵی دادگەری، یەکگرتووی ئیسلامی، بزووتنەوەی ئیسلامی و سۆسیال دیموکرات، ئەم کۆبوونەوەیە نە نەوەی نوێ و لایەنە چەپەکانی تری تێدا نەبوو.

دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ هەینی ١٤ـی حوزەیران، عەلی باقری بە سەردانێكی فەرمی گەیشتە شاری سلێمانی و لە فڕۆكەخانەی شارەكە لەلایەن قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان و شاڵاو كۆسرەت رەسوڵ، ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی و ژمارەیەك بەرپرسی دیكەوە پێشوازی لێكرا.

تا ئێستا هیچ راگەیاندنێک لە بارەی ئەو کۆبوونەوەیە باقری لەگەڵ ژمارەیەک لەلایەنەکان بڵاونەکراوەتەوە.

بڕیاریشە، سەرپەرشتیاری وەزارەتی دەرەوەی ئێران سەردانی دەباشان دەكات و لەگەڵ بافڵ تاڵەبانی، سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان كۆدەبێتەوە. 

بەیانی ئەمڕۆ هەینی عەلی باقری، سەرپەرشتیاری وەزارەتی دەرەوەی ئێران بەسەردانێك گەیشتە شاری هەولێر و لەگەڵ سەرۆكی هەرێمی كوردستان و سەرۆكی حكومەت و سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان كۆبووەوە و دواتر لە درێژەی سەردانەكەیدا بۆ عێراق و هەرێمی كوردستان سەردانی سلێمانی کرد.

بڕیاریشە هەر ئەمشەو باقری بگەڕێتەوە ئێران.



PM:07:50:14/06/2024