"حكومەت پابەندی بەڵێنەكانی نەبێت خوێندنی ساڵی داهاتوو رادەگرین"

ئەنجومەنی مامۆستایانی وانەبێژ هۆشداری بەحكومەت و مامۆستایانی ئاینی، کەس و کاری قوتابیان، خەمخۆرانی پەروەردە، ڕای گشتی و کەناڵەکانی راگەیاندن دەدەن و دەڵێن" حكومەت پابەندی بەڵێنەكانی نەبێت خوێندنی ساڵی داهاتوو رادەگرین".

لە راگەیەندراوێکدا ئەنجومەنی مامۆستایانی وانەبێژ هۆشداری دەدەن و ئاماژە بەوەدەکەن کە دوای ئەوەی زیاد لە (١٠) ساڵە حکومەتی هەرێم بە پاساوی جۆراوجۆر کەرتی پەروەردەی پشتگوێ خستوەو دامەزراندنی راگرتووە، هەموو ساڵێک بەهۆی بێباکی حکومەت و گوزەرانی سەختی مامۆستایان و وانەبێژان، خوێندن دوای چەن مانگێک بایکۆت بە کەموکورتی بەڕێکراوە.

لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە" ئەوان وەکو مامۆستایانی وانەبێژ چاوەڕێی جێبەجێکردنی بەڵێنی وەزیری پەروەردەین(نوسراوی ژ.١ی وەزیری پەروەردە لە ٧ی١ ی ٢٠٢٤) کە تیایدا باس لە دوو خاڵ ئەکات (بەگرێبەستکردنی مامۆستایانی وانەبێژ، پلە بەرزکردنەوەی مامۆستایانی میلاک) دواتر لێدوانێکی دیکەی کە ئاماژەی بەوەکرد دوای جەژن هەنگاوی دیکە دەنێین لەسەر کەیسی مامۆستایانی وانەبێژ.

دەشڵێن" بە وردی چاودێری بەڵێن و هەنگاوەکان دەکەین ئومێد ئەکەین لە جێی چاوەڕوانی مامۆستایان بن، بە پێچەوانەوە هەنگاوەکان دڵخۆشکەر نەبن دڵنیایی ئەدەین بۆ جارێکی تر خوێندنی ساڵی داهاتوو رادەگرین و ئامادەنابین چیدیکە پەروەردە بەم شێوە شکستخواردووە بەردەوامی پێبدەین و پێش دەسپێکی ساڵی نوێ بایکۆت رادەگەیەنین".

لە کۆتاییدا ئەنجوومەنی مامۆستایانی وانەبێژ داوا لە بەرپرس و لایەنەکانی سنوری بایکۆت دەکەن و دەڵێن" هیوادارین دڵسۆزانە بەئەرکی سەرشانیان هەستن و فشار بکەن بۆ جێەجێکردنی بەڵێنەکان تا چیدیکە (منداڵی فەقیر) نەبێتە قوربانی بێباکی بەرپرسانی حکومەت و بایکۆتی ناچاری مامۆستایان".


AM:09:14:15/06/2024