رۆژهەڵاتی کوردستان.. ژنێک لەلایەن هاوسەرەکەیەوە ئاگری تێبەردرا

لە رۆژهەڵاتی کوردستان ژنێکی گەنج کە لەلایەن هاوسەرەکەیەوە ئاگردرابوو دوای چەند رۆژ مانەوە لە نەخۆشخانە ئەمڕۆ گیانی لەدەستدا.

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو بڵاویکردووەتەوە " کە بەرەبەیانیی ئەمڕۆ یەکشەممە ١٦ی حوزەیرانی ٢٠٢٤ لەیلی پایموزد، تەمەن ٣٢ ساڵ و خەڵکی گوندی (خورینج) سەر بە شاری پیرانشار بەهۆی سووتانەوە (سەرووی ٩٠٪) لە یەکێک لە نەخۆشخانەی خومەینیی شاری ئورمیەدا گیانی لەدەستدا".

ئاماژەی بەوەشداوە کە ئەو ژنە قوربانییە دایکی دوو منداڵی کچ بووە، بەرەبەیانیی ڕۆژی چوارشەممە ١٢ی حوزەیران لەلایەن هاوسەرەکەیەوە بەناوی، موراد ڕەسووڵ ڕەوەندە لە باخی شوێنی کارەکەیان بە ڕشتنی بەنزین بەسەریدا ئاگر درا".

ئەو ژن و مێردە پێشتر پێکەوە ناکۆکییان بووە و لەیلی پایموزد لەم دواییانەدا دوای چەند مانگ گەڕانەوە بۆ ماڵی دایک و باوکی، بە نێوانگیریی ڕیش سپییەکان گەڕابووەوە بۆ لای هاوسەرەکەی.

هەنگاو ئەوەشی ئاشکراکردووە کە تاوانبار دوای کوشتنی هاوسەرەکەی، تەرمە سووتاوەکەی لە بەردەمی ماڵی دایک و باوکی ناوبراو بەجێ هێشتووە و بۆ خۆی هەڵاتووە. تەرمی قوربانی لەلایەن کەسوکارەکانییەوە بە هەلیکۆپتەر بۆ یەکێک لە ناوەندە دەرمانییەکانی شاری ئورمیە گواسترابووەوە.



PM:12:39:16/06/2024