لەبارەی هاتنی شەپۆلێکى گەرماى بەتین هۆشداری دەدرێت

کەشناسی عێراق ڕایدەگەیەنێت" لە دووەم ڕۆژی جەژنی قورباندا شەپۆلێکى گەرمای بەتین ڕوو لە وڵات دەکات و چوار رۆژ بەردەوام دەبێت". 

عامر جابری بەڕێوەبەری راگەیاندن و پەیوەندییەکانی دەستەی کەشناسی و بومەلەرزەی عێراق، ڕایگەیاندووە" رۆژی دووشەممە ١٧ی حوزەیرانی ٢٠٢٤ شەپۆلێکی گەرمای بەتین ڕوو لە وڵات دەکات و چوار رۆژ بەردەوام دەبێت".

ئاماژەی بەوەشکردووە، پلەکانی گەرما لە هەندێک شار دەگاتە سەروو (٥٠) پلەى سیلیزى، لەوانەش لە شاری ناسریەی ناوەندی پارێزگای زیقار دەگاتە (٥٠) پلە.

ئەوەشی خستەڕوو، ڕۆژی سێشەممە ١٨ی حوزەیران لە شارەکانى عەمارەی ناوەندی پارێزگای میسان و بەسرە (٥٠) پلە دەبێت، هەروەها رۆژى چوارشەممەش پلەی گەرما لە نەجەف دەگاتە (٥٠) پلە، لە رۆژى پێنجشەممەشدا پلەى گەرماى بەسرە، عەمارە، ناسریە و نەجەف دەگاتە (٥١) پلەی سیلیزی. 

ئەمەش لە کاتێکدایە، پێشتر کەشناسی هەرێم پێشبینییەکانی کەشوهەوای بۆ دووەم ڕۆژی جەژنی قوربان بڵاوکردەوە و ئاماژەی بەوەکردبوو کە ئاسمان بەگشتی ساماڵ دەبێت، لەگەڵ پەیدابوونی هەندێک پەڵە هەور و پلەی گەرماش بەم شێوەیە دەبێت: 

- هەولێر ٤٢ پلەی سلیزی 

- سلێمانی ٤٠ پلەی سیلیزی

- دهۆک ٤١ پلەی سیلیزی 

- کەرکوک ٤٤ پلەی سیلیزی 

- هەڵەبجە ٤٢ پلەی سیلیزی 

- زاخۆ ٤٢ پلەی سیلیزی 

- سۆران ٣٨ پلەی سیلیزی
 
- گەرمیان ٤٦ پلەی سیلیزی 


AM:12:04:17/06/2024