تا ئێستا ١٣ حاجی هەرێم لە مەککە گیانیان لەدەستداوە

تاوەکو ئێستا ١٣ هاوڵاتیی هەرێمی کوردستان کە بۆ بەجێگەیاندنی فەریزەی حەج چووبوونەوە سعوودییە، گیانیان سپاردووە و هۆی مردنی زۆرینەی ئەو حاجییانە ماندووبوون بووە و تیمی پزیکشی تایبەتیان لەگەڵ نەبوووە بۆ ئەوەی چارەیان بکەن.

کاروان ستوونی، وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند"  لە وەرزی حەجی ئەمساڵ، تاوەکو ئێستا ١٣ هاوڵاتیی هەرێمی کوردستان کە بۆ بەجێگەیاندنی فەریزەی حەج چووبوونەوە سعوودییە، گیانیان سپاردووە".

ڕاشیگەیاند" هەموو ئەو حاجییانەی گیانیان سپاردووە بە ڤیزای یەک ساڵی گەشتیان بۆ سعوودییە کردووە و بە شێوەیەکی فەرمی و لە ڕێگەی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینیەوە نەچوونە".

کاروان ستوونی ئەوەشی خستەڕوو" لە ڕۆژی شەممەوە ١٥ی حوزەیران ژمارەیەک حاجی کە بە ڤیزای یەک ساڵی گەشتیان بۆ سعوودییە کردووە بە مەبەستی بەجێگەیاندنی فەریزەی حەج، بێ وەڵام و بێ سەروشوێنن".

هاوکات ڕۆژگار جەعفەر، بەرپرسی ڕاگەیاندنی شاندی حاجییانی هەرێمی کوردستان لە سعودیە وتی" هۆی مردنی زۆرینەی ئەو حاجییانە ماندووبوون بووە و تیمی پزیکشی تایبەتیان لەگەڵ نەبوووە بۆ ئەوەی چارەیان بکەن، چونکە بە شێوەیەکی فەرمی لە ڕێگەی وەزارەتی ئەوقافەوە نەچوون. بەشێکیان بەو گەرمایەی ئێستا لە مەککە هەیە، لە شاخ ماونەتەوە و دۆخی تەندروستییان تێکچووە، بۆیە مردوون".



PM:05:02:17/06/2024