وەزیری دارایی داوای دەستلەکارکێشانەوە لە حزب و وەزارەت دەکات

وتەبێژی وەزارەتی دارایی جەخت لەوەدەکاتەوە کە وەزیری دارایی بە فەرمی داوای دەست لە کارکێشانەوەی لە حزب و وەزارەتەکەی کردووە.

هونەر جەمال وتەبێژی وەزارەتی دارایی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە دەنگی ئەمریکای ڕاگەیاندووە "  کاک ئاوات لەماوەی ئەم چەند ساڵەدا سێ جار بە فەرمی دەستلەکارکێشانەوەی خۆی پێشکەشکردووە، دوایەمین جار لەمانگی یەکی ٢٠٢٣ بووە، نەمبیستووە لەماوەی ئەو ساڵ و نیوەدا لەو هەڵوێستەی پەشیمان بوبێتەوە و تا ئێستا لەسەر ئەو بڕیارەی خۆی سوورە کەدەستلەکارکێشانەوەکەی قبوڵ بکرێت".

هونەر جەمال وتیشی" داوای لەدەستلەکارکێشانەوەکەی هەم لە بزوتنەوەی گۆڕان و هەم لە حکومەتیشە، هۆکارەکەشی دەتوانن لەخۆی بپرسن لەوانەیە بەدەقیقی وەڵامی ئەو پرسیارەم لانەبێت".

لەبارەی پڕکردنەوەی پێگەی وەزارەتەکە کە لە پشکی گۆڕانە وتەبێژی وەزارەت راشیگەیاند " گومانی تێدا نییە پۆستەکەی پشکی گۆڕانە بۆیە داوای کردووە لەگەڵ پەسەندکردنی دەستلەکارکێشانەوەکەی کەسێک دابنرێت و بخرێتە جێگاکەی و بەرپرسیارێتیەکەی ڕادەستبکاتەوە بە بزووتنەوەکە".

لە پێکهێنانی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ساڵی ٢٠١٩  بە سەرۆکایەتی مەسرور بارزانی بزووتنەوەی گۆڕان چوار وەزارەتی وەرگرتووە کە پێکهاتوون لە وەزارەتەکانی دارایی، کار و کاروباری کۆمەڵایەتی، بازرگانی و وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە.



PM:05:19:17/06/2024