کەشناسێک: گەرمایەکی بێزارکەر لەناوچەکەدا دەستیپێکردوە

شارەزایەکی کەشناسی دەڵیت" گەرمایەکی بێزارکەر لەناوچەکەدا دەستیپێکردوە و بۆ رۆژانی داھاتوو و بەتایبەت رۆژی ھەینی و شەمە ٢١ و ٢٢ی مانگ کاریگەری زیاتر ئەبێت لەسەر ناوچەکانی عێراق و ھەرێمی کوردستان و تا ٢٣ی مانگەوە بەردەوامی دەبێت". 

ئاراس جەبار شارەزای کەشناسی رایگەیاند" لە ئەنجامی کاریگەری نزمەپاڵەپەستۆی وەرزی ھیندی و جێگیربوونی بەرزەپاڵەپەستۆیەک لە سەرەوەی بەرگەھەوای ناوچەکەدا گەرمایەکی بێزارکەر لەناوچەکەدا دەستیپێکردوە و کاریگەریەکەی بۆ رۆژانی داھاتوو بەردەوامی ئەبێت و لەکۆتای ھەفتەدا و بەتایبەت رۆژی ھەینی شەمە ٢١ و ٢٢ی مانگ کاریگەری زیاتر ئەبێت لەسەر ناوچەکانی عێراق و ھەرێمی کوردستان کە لە زۆرێکی ناوچەکانی ناوەراست و باشوری عێراق پێشبینی ئەکرێت پلەی گەرمی بگاتە سەروو ٥٠  پلەی سەدی و لەناوچەکانی ئیدارەی گەرمیانیش ٤٨ بۆ ٤٩ پلەی سەدی و لەناوچەکانی دیکەی ھەرێمی کوردستانیش بەجیاوازی شوێنەکان ٤٣ تا ٤٦ پلە".   

ئاراس جەبار ئەوەشی خستەروو کە ھەفتەی ئایندە لە ٢٣ی مانگەوە لە ئەنجامی ھەڵکردنی بارستە ھەوایەک لەدەریای ناوەراستەوە بەرووی ناوچەکانماندا کاریگەری شەپۆلی گەرماکە کەمدەبێتەوە و پلەکانی گەرما ٢ بۆ ٣ پلە نزم ئەبنەوە و تا ٢٧ی مانگ تا رادەیەک جێگیر ئەبێت".

ئاماژەی بەوەشداوە کە لە ٢٧ی مانگەوە جارێکی دیکە گەرمای بەتین لەناوچەکەدا دەستپێدەکاتەوە و زانیاری زیاترمان لەکاتی نزیکبوونەوە لەسەری ئەبێت.



PM:06:21:17/06/2024