ئەو کەسانەی لە سعودیە کەسوکاریان بێ سۆراغە ئاگادار دەکرێنەوە

وەزارەتى ئەوقافی هەرێم لە ئاگادارییەکدا رایدەگەیەنێت" ئەوانەی لە سعودیە کەسوکاریان بێ سۆراغە پەیوەندیمان پێوە بکەن". 

وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئایینی هەرێمی كوردستان، دواینیوەڕۆی ئەمڕۆ دووشەممە ١٧ی حوزەیرانی ٢٠٢٤ رایگەیاند" وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی لە رێگەی بەرێوەبەرایەتی گشتی حەج و عومرەی کوردستان، رێکكەوتنیان کردووە لەگەڵ کونسوڵی عێراق لە وڵاتی سعودیه، بۆ دۆزینەوە و سۆراغکردنی ئەو کەسانەی مردوون یاخود ونبوون لە وڵاتی سعودیە". 

لە ئاگادارییەکەدا ئەوەش هاتووە" هەر کەسێک خزمێکی نزیکی یان کەسێکی گیانى لەدەستداوە یان بێ سۆراغ بووە لە وڵاتی سعودیە، با پەیوەندی بکات بە بەڕێوەبەری حەج و عومرەی ناوچەکەی خۆت، بۆ سۆراغ کردنیان". 

ئەمەش لە کاتێکدایە، پێشتر نەبەز ئیسماعیل وتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئاینی، ئاماژەی بەوەکردبوو کە تا ئەمڕۆ ١٠ حاجی هەرێمی کوردستان لە مەککە گیانیان لەدەستداوە.

ئەوەشی خستەڕوو، تەنیا یەک حاجییان لە رێگەی بەڕێوەبەرایەتی حەج و عومرەوە چووەتە سعودیە و ئەوانەی دیکە بە ڤیزای گەشتیاری یاخود یەکساڵی چوونەتە ئەو وڵاتە.


PM:07:09:17/06/2024