لە شاری بانەی رۆژهەڵاتی کوردستان، بەهۆی تەقینەوەی مینی پاشماوەی شەڕی ئێران و عێراق هاوڵاتییەک گیانی لەدەستدا.
بەپێی هەواڵێکی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، هاوڵاتییەک بە ناوی هادی غونچەدووست، تەمەن ٣٦ ساڵ و خەڵکی گوندی زەڵێی سەر بە شاری بانە، بەهۆی دەستکاریکردنی مین و تەقەمەنییەکانی پاشماوەی جەنگی نێوان ئێران و عێراق، مینێکی پیادا تەقیوەتەوە.
ئاماژە بەوەشکراوە، ئەو هاوڵاتییە گواستراوەتەوە بۆ نەخۆشخانە، بەڵام بەهۆی سەختی برینەکەیەوە گیانی لەدەستداوە.
لە ماوەی ئەمساڵدا ٣ هاوڵاتی لە سنووری پارێزگای کرماشان و بانە، بەهۆی تەقینەوەی مینەوە گیانیان لەدەستداوە، هەروەها ١٢ هاوڵاتی دیکەش برینداربوون.