" بیانووی تورکیا بۆ راگرتنی گەشتەکانی فڕۆکەخانەی سلێمانی مەزڵوم عەبدییە"

پەرلەمانتارێکی یەکێتی لەبارەی داخستنی گەشتەکانی تورکیا لەگەڵ فڕۆکەخانەی سلێمانی دەڵێت" هەمو بیانوی تورکیا نیشتنەوەی فڕۆکەکەی مەزڵوم کۆبانییە لە سلێمانی و ئەگەر حکومەتی عێراق و هەرێم  بە جدی هەوڵیان بدایە بێگومان کاریگەری دەبو لەسەر تورکیا".

كاروان یاروەیس، پەرلەمانتاری یەكێتی لە لیژنەی پەیوەندییەكان و گەیاندنی پەرلەمانی عێراق، لەبارەی درێژكردنەوەی ماوەی راگرتنی گەشتەكانی توركیا لەگەڵ فڕۆكەخانەی سلێمانی، بە دەنگی ئەمریكای راگەیاند" ئێمە هەر لەسەرەتای ئەم گرفتەوە وەک لیژنەکەمان لە پەرلەمانی عێراق و خۆم وەک نوێنەری پارێزگای سلێمانی بەدواداچونی تەواوم کردوە لەسەر کێشەی فڕۆکەخانەی سلێمانی، بەڵام هەر لە یەکەم ڕۆژەوە دەسەڵاتی فڕۆکەوانی عێراقی پێی وتین بەپێی ئەو ئیمیڵەی لەدەسەڵاتی فڕۆکەوانی تورکیاوە بۆمان هاتوە، ئەوان لە وەزارەتی دەرەوە فەرمانی ڕاگرتنی گەشتەکانیان داوە بۆ فڕۆکەخانەی سلێمانی بەهۆکاری سیاسی، بۆیە بەڕاستی ئەمە کێشەیەکی سیاسییە و سزای سیاسییە، تورکیا دەیەوێت بەم پاساوە سزای سلێمانی و یەکێتی بدات."

وتوشیەتی"ئەگەرنا ئێمە وەک لیژنەکەمان بەدواداچونمان بۆ ئەو بانگەشانەی تورکیا کردوە بەپێچەوانەوە فڕۆکەخانەی سلێمانی یەکێکە لە فڕۆکەخانە باشەکانی عێراق لەڕوی ئەمنی و خزمەتگوزارییەوە، هیوادارین هەرچی زوە ئەم کێشەیە لەڕوی سیاسیەوە چارەسەر بکرێت، بەڵام کێشەکە ئەوەیە بەداخەوە حکومەتی هەرێم بەشێوازی دەوڵەتداری و دامەزراوەیی پەیوەندییەکانی لەگەڵ دەرەوەدا نییە، بۆ نمونە ئێمە وەک یەکێتی پەیوەندیمان لەگەڵ ئێران شتێکەو پەیوەندی پارتی لەگەڵ تورکیا شتێکە، بەداخەوە ڕاستە دەوڵەت نین و وەزارەتی دەرەوەمان نییە، بەڵام پەیوەندییەکانی هەرێم لەگەڵ وڵاتانی هەرێمی و دەرەوە لەسەر ئاستی حزبییە."

بەپێی قسەی ئەو پەرلەمانتارەی یەكێتی " ئەگەر حکومەتی عێراقی بە جدی هەوڵی بدایە بێگومان کاریگەری دەبو لەسەر تورکیا، یا ئەگەر حکومەتی هەرێم یەک دەنگبوایە سەبارەت بە کێشەی فڕۆکەخانەی سلێمانی بێگومان ئەوەش کاریگەری دەبو، بەداخەوە ڕەنگە بەرژەوەندی لەوەدا بێت سلێمانی گۆشەگیر بکرێت، ئەمە لەناوخۆی هەرێم دەڵێم، چونکە کاتێک خەمی فڕۆکەخانەی سلێمانی نابێتە خەمی گشتی هاوشێوەی فڕۆکەخانەی هەولێر بەرگری لێناکرێت بەڕاستی ئەمە جێگای گومانە، دوای ئەوە بەشێک لەیەک هەڵوێست نەبونی هەرێمی کوردستان لەسەر کێشەی فڕۆکەخانەی سلێمانی بەشێکی بەرژەوەندییە ئابورییەکانە."

"هەمو بیانوی تورکیا نیشتنەوەی فڕۆکەکەی مەزڵوم کۆبانییە لە سلێمانی کە لە وڵاتێکی کەنداوەوە هاتبو، تورکیا خۆی باش دەزانێ و ئاگادارە ستافی فڕۆکەکە هەموی ئەمەریکی بون، هەر ئەو فڕۆکەیەی مەزڵوم کۆبانی پێش فڕۆکەخانەی سلێمانی لە فڕۆکەخانەیەکی تری هەرێمی کوردستان نیشتبوەوەو لەوێوە هاتبوە فڕۆکەخانەی سلێمانی، بەڵام من نامەوێت وەک ڕۆژنامەی خەبات و ڕاگەیاندنەکانی تر سیخوڕی بکەم بۆ تورکیا، چونکە ئەم قسەیە لە دڵمەوە دەکەم چەندە خەمی سلێمانیمە دو هێندە خەمی هەولێر و دهۆک، بیرکردنەوەی من بیرکردنەوەیەکی کوردستانیانەیە."( پەرلەمانتارەكەی یەكێتی وای وت).

لەبارەی پەیوەندییەكانی یەكێتی و پەكەكە، كاروان یاروەیس راشیگەیاند" تورکیا بیانو دەگرێت بۆ فڕۆکەخانەی سلێمانی حکومەتی عێراقیش ئەمە دەزانێت، تورکیا دەیەوێت یەکێتی جاسوسی بەسەر پەکەکەوە بۆ تورکیا بکات، چۆن هاوکاری پەکەکە و هیچ لایەنێکی سەربازی ناکات، بەهەمان شێوە بۆ تورکیاش ئەوە ڕەتدەکاتەوە، یەکێتی هیچ کات هاوکاری پەکەکە و هیچ لایەنێکی سەربازی نەکردوە ئەوە تەنیا لەبەرامبەر هەڵوێستە نەتەوەییەکانێتی بەرامبەر پرسی کورد لە باکور، کە هیواخوازین بە ڕێگای ئاشتی چارەسەر بکرێت."



PM:07:23:18/06/2024