حکومەتی هەرێم كارئاسانی دەكات بۆ هێنانەوەی ڕوفاتی قوربانیانی یەختەکە

ناوەندی هاوبەشی هەماهەنگی قەیرانەكان سەربە وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند"كارئاسانی دەكەن بۆ هێنانەوەی ڕوفاتی قوربانیان و دۆزینەوەی بێسەروشوێنانی بەلەمە تێكشكاوەكەی ئیتاڵیا".

ئەمڕۆ سێشەممە، ناوەندی هاوبەشی هەماهەنگی قەیرانەكان سەر بە وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند" بەداخەوە دوێنێ ھەواڵی تێکشكانی یەختێکی کۆچبەرانمان پێگەیشت کە قوربانی کۆچی نایاسایین، لە کەناراوەکانی ئیتاڵیا، بەم بۆنە خەمناکەوە سەرەخۆشی لەکەسوکاری قوربانیان دەکەین و ھیوای سەلامەتی بۆ ڕزگارکراوان دەخوازین."

ڕاشیگەیاند" لەسەر فەرمانی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەت، وەزارەتی ناوخۆ بە ھەماھەنگی لەگەڵ فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە تەواوی ھاوکاری و کارئاسانی پێشکەش دەکەن بۆ ھێنانەوەی ڕوفاتی قوربانیان و دۆزینەوەی بێسەروشوێنان"”
هەروەها داواشی لە کەسوکاری قوربانیان كردووە کە پەیوەندی بەو ژمارەیەی خوارەوە بکەن لە ناوەندی هاوبەشی هەماهەنگی قەیرانەکانی وەزارەتی ناوخۆ، بۆ ئەوەی کاری پێویست ئەنجام بدەن لە ھێنانەوەی ڕوفاتی قوربانیان و داواشی لەڕزگاربووان كرد کە پەیوەندییان پێوەبکەن( بەم رەقەمە 009647508035680)  بەمەبەستی وەرگرتنی زانیاری لەسەر ونبووان و دۆزینەوەی بێسەروشوێنانی ڕووداوەکە.

هەر ئەمڕۆ لە لێدوانێکدا بۆ ماڵپەڕی " سپی " بەکر عەلی سەرۆکی كۆمەڵەی پەنابەرە گەڕاوەكان لە هەرێمی کوردستان رایگەیاند " ژمارەی راستەقینەی سەرنیشینەکانی ئەو یەختەمان دەستکەوتووە کە زۆرینەیان کوردن ژمارەیان ٧٥ کەس بووەو تا ئێستا چارەنووسی ٦٤ کەسیان نادیارە".



PM:09:05:18/06/2024