نەوەی نوێ: هۆکاری یەکەمی جێهێشتنی نیشتیمان حوکمڕانیی ئەم دەسەڵاتە خراپ و ستەمکارەیە

نەوەی نوێ لەرێگای پرسەنامەیەک سەرەخۆشی ئاراستەی کەسووکاری قوربانیانی بەلەمە نوقمبووەکان دەکات و دەڵێت" هۆکاری یەکەم و کۆتایی سەرهەڵگرتن و جێهێشتنی نیشتیمان لەلایەن بەشێکی هاوڵاتییانمانەوە حومڕانیی ئەم دەسەڵاتە خراپ و ستەمکارەیە".

ئاماژەی بەوەشکردووەکە" پەیامی ئێمە بۆ هەمووان ئەوەیە ڕووناکیی کاتێک دێت کە تاریکیی هەموو شوێنێکی گرتۆتەوە. تاریکیی ئەم دەسەڵاتەی پارتیی ویەکێتیش هەموو جێیەکی تەنیوە و ئیتر کاتی دەرکەتنی ڕووناکییە و دڵنیابن دەرکەوتنی ئەو ڕووناکییە زۆر نزیکبۆتەوە."

دەقی پرسەنامەکەئی نەوەی نوێ:

بەوپەری پەژارەوە و لەگەڵ ڕازیبوونمان بەقەدەری خودای گەورە سەرەخۆشیی و پرسەی خۆمان ئاڕاستەی کەسوکاری قوربانییەکانی ئەو سێ یەختە دەکەین کە لەئاوەکانی ڕێگای پەنابەریی گیانیان سپارد.

‎خوشک و برایانی ئازیز

‎هۆکاری یەکەم و کۆتایی سەرهەڵگرتن و جێهێشتنی نیشتیمان لەلایەن بەشێکی هاوڵاتییانمانەوە حومڕانیی ئەم دەسەڵاتە خراپ و ستەمکارەیە کە بەدرێژایی ۳۳ ساڵی پڕ لە زوڵم و ستەم وایکردووە بەشێک لەو ئازیزانەمان ڕێگای مەرگ بگرنە بەرو وڵات و زێدی خۆیان جێبهێڵن. لەکاتێکدا لەوێش ئاسۆی ژیان بەهۆی پێنەدانی مافی پەنابەریی ناڕوون و لێڵە.

‎هاوڵاتییانی خۆشەویست 

‎ئێمە دڵمان لەگەڵ دڵی یەک بەیەکەتاندایە، لەقوڵایی ڕۆحمانەوە بۆتان دەسووتێین، پەیامی ئێمە بۆ هەمووان ئەوەیە ڕووناکیی کاتێک دێت کە تاریکیی هەموو شوێنێکی گرتۆتەوە. تاریکیی ئەم دەسەڵاتەی پارتیی ویەکێتیش هەموو جێیەکی تەنیوە و ئیتر کاتی دەرکەتنی ڕووناکییە و دڵنیابن دەرکەوتنی ئەو ڕووناکییە زۆر نزیکبۆتەوە.

‎هاونیشتیمانیانی ئازیز، ئەی ئەوانەی ئێستا لێرە دەژین و وڵاتیان جێنەهێشتووە

‎چەند مانگێکی کەمی ماوە بۆ ئەجامدانی هەڵبژاردنەکانی هەرێم. تەنها ئەم ماوەیە دان بەخۆتاندا بگرن و بەهەموان هەوڵبدەین ئەم توڕەیی و بێزارییەمان هەڵبگرین بۆ رۆژی هەڵبژادن و لەورۆژەدا تۆڵەی ۳۳ساڵەی خۆمان لەم دەسەڵاتە ستەمکارە بکەینەوە. با هەموان پێکەوە بەشێک بین لە هیوا و گۆرانکاریی، بۆئەوەی ئەم کارەساتە ماڵوێرانکەرە چەندبارە نەبێتەوە و جەرگی ئازیزانمان چیتر نەسووتێت، دەتوانین ئەم حوکمڕانییە خراپە بگۆڕین و کۆتایی بەم هەموو غەدر و ستەمە بهێنین


PM:09:11:19/06/2024