دوایین زانیارییەکان سەبارەت بە گەڕانەوەی قوربانیانی یەختەکەی ئیتاڵیا ڕاگەیەندرا

سەرۆکی دەزگای لوتکە بۆ کاروباری ئاوارە و پەنابەران، دوایین زانیارییەکانی سەبارەت بە گەڕانەوەی قوربانیانی یەختەکەی ئیتاڵیا ڕاگەیاند و دەڵێت" ئەنجوومەنی وەزیران لیژنەیەکی پێکهێناوە". 

ئاری جەلال سەرۆکی دەزگای لوتکە بۆ کاروباری ئاوارە و پەنابەران، ئێوارەی ئەمڕۆ پێنج شەممە ٢٠ی حوزەیرانی ٢٠٢٤ لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا کە پەیامنێری ماڵپەڕی (سپی) ئامادەیی بوو، ڕایگەیاند" دەزگای لوتکە بەردەوام لە پەیوەندیدایە لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکانی ئیتاڵیا و ناوخۆی هەرێمی کوردستان و عێراقیشدا، بۆ ئەو مەبەستە ئەنجوومەنی وەزیران لیژنەیەکی پێکهێناوە و زانیارییەکان تۆماردەکرێن و دواتر تەواوی زانیارییەکان ڕەوانەی شوێنی ڕووداوەکە دەکرێنەوە". 

وتیشی" وەک ڕووداوەکانی ڕابردوو ئەو تەرمانەی بونیان هەبێت حکومەتی هەرێم تەرمەکان دەگەڕێنێتەوە بۆ هەرێم و لە زێدی خۆیان ئەسپەردەی خاک دەکرێن". 

سەبارەت بەو کەسانەشی کە تائێستا بێسەروشوێنن، ئاری جەلال ئاماژەی بەوەکرد، هەر چ ڕێککار و داواکارییەک لە لایەن لایەنە پەیوەندیدارەوکان لە نزیک کەنارە ئاوییەکانی ئیتاڵیا داوا بکرێت، وەک دەزگای لوتکە ئامادەن هاوکار و هەماهەنگیان بن تا بتوانن بیاندۆزنەوە و بە کەسوکاریان شاد بکەنەوە.

ئەوەشی خستەڕوو، ئەمساڵ بەراورد بە ساڵی ڕابردوو ئامارەکانی کۆچکردن بۆ ئەوروپا تەنها ڕێژەیەک لە هەڵکشاندایە، ئەویش ئاماری قوربانییە کە لە کۆتا ڕووداو ڕێژەیەکی بەرچاو لە هاوڵاتییانی هەرێمی کوردستان گیانیان لەدەستداوە، بەڵام ڕێژەی کۆچکردن بەراورد بە ساڵانی ڕابردوو دابەزینی تەواوەتی تۆمارکردووە و ڕێژەکە کەمبووەتەوە. 

بۆ بینینی کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکە کلیک لەم لینکە بکە

PM:06:17:20/06/2024