پەیمانگای خۆرهەلاتی ناوەڕاست: ئۆپۆزسیۆن لە هەرێم جێگرەوەی راستەقینە نییە

پەیمانگای خۆرهەلاتی ناوەڕاست سەرباری ئەوەی ئاماژە بۆ ئەوە دەکات کە لە ٦٣% خەڵکی هەرێمی کوردستان بڕوایان بەم دەسەڵاتەی ئێستای هەرێم نییە، هاوکات دەشڵێت" لە هەرێمی جێگرەوەی راستەقینە لە ئارادا نییە، هەرچەندە هێزەکانی ئۆپۆزسیۆن بانگەشە بۆ ئەوە دەکەن کە جێگرەوەی دەسەڵاتی ئێستای هەرێمن".

پەیمانگای خۆرهەلاتی ناوەڕاست، راپۆرتێكی بە ناونیشانی (جێگرەوەی راستەقینە نییە: شكستی حزبەكانی ئۆپۆزسیۆن لە هەرێمی كوردستانی عێراق) بڵاوكردووەتەوە، كە لەلایەن نوسەر (Winthrop Rodgers) نوسراوە.

لە رپۆرتەکەدا هاتووە " هەردوو حزبی دەسەڵاتدار هەژموونێكی گەورەیان بەسەر ئیدارەدانی دامەزراوەكانی دەوڵەت و ئابوری و ئامرازەكانی راگەیاندنەوە هەیە، دەیان هەزار پێشمەرگەو هێزی ئاسایش لەژێر فەرمانیاندایە، سەدان هەزار فەرمانبەری كەرتی گشتی بەشێكن لەتۆڕی مەحسوبیەتی تایبەت بەخۆیان، لەگەڵ هەموو ئەو تایبەتمەندیانەشدا، خاوەنی جەماوەرێكی زۆرنین، بەشێكی فراوانی هاوڵاتیان وەك گەندەڵكارو ناكارامەو سەركوتكار تەماشایان دەكەن".

لە راپۆرتەکەدا هاتووە " حزبەكانی تریش، كە وەك ئۆپۆزسیۆن ئاماژەیان بۆ دەكرێت و خۆیان وەك جێگرەوەی پارتی و یەكێتی پیشان دەدەن، ناڕێكخراو و دابەشبوون و توانای سود وەرگرتنیان نیە لە ستەمكارییەكانی دەسەڵاتداران، لەئێستادا ئەو حزبانە جێگرەوەیەكی باشنین بۆ حزبە دەسەڵاتدارەكان".

 لە راپۆرتەکەدا ئەو سێ‌ ئاستەنگی سەرەكییە ئاشکرا دەکات کە روبەڕوی ئۆپۆزسیۆن بووەتەوە:

یەكەم:تۆڕی مەحسوبیەت و كۆنتڕۆڵی حزبی بەسەر هێزەكانی ئاسایش و دەوڵەت بەشێوەیەكی گشتی، دەسەڵاتی پارتی دەسەڵاتدارەكانی بەهێزكردووەو، تایبەتمەندی یەكلاكەرەوەی پێداون بەسەر ئۆپۆزسیۆندا.

دووەم:حزبە ئۆپۆزسیۆنەكانی ئێستا شكستیانهێناوە لە كۆبونەوە لە بەرەیەكی فراواندا، ئەوەش بووەتە هۆی دروستبونی كێبڕكێ لەنێوانیان بۆ كۆكردنەوەی لایەنگر كە بووەتە هۆی لاوازكردنیان.

سێهەم:ئۆپۆزسیۆن شكستی هێناوە لە داڕشتنی دیدێكی ستراتیجی كە مایەی متمانەبێت، لەسەرو ئەوەشەوە دەنگدەران وانەیان وەرگرت لەشكستی بزوتنەوەی گۆڕان و ئێستا وریان لەوانەی دوای ئەو.

راپۆرتەکە تیشکی خستۆتە سەر لایەنەکانی ئۆپۆزسیۆن و خاڵی لاواز و بە‌هێزیانی نیشان داوە.



PM:10:03:21/06/2024