کاندیدێکی تورکمانەکان: لەلایەن ئاسایشی هەولێرەوە هەوڵی دەستگیرکردنم دەدرێت

کاندیدێکی سەربەخۆی تورکمانەکان لە هەولێر دەڵیت" لەلایەن ئاسایشی هەولێرەوە هەوڵی دەستگیرکردنم دەدرێت و چاوەڕوان دەکەم بە بیانوی جیاجیا بیانەوێت دەستگیرم بکەن و سزام بدەن، بەمەش هەوڵی دوورخستنەوەم لە کاندیدبوونم بدەن".

عەبدولباست خالید کاندیدی سەربەخۆی تورکمانەکان لە هەولێر بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند " لە هەفتەی رابردوودا لەلایەن ئاسایشی هەولێرەوە دووجار بە تەلەفون ئاگادار کراومەتەوە کە سەردانیان بکەم بۆ هەندێک مەبەست کە بەبۆچوونی من بەهۆی کاندیدبوونمەوەیە وەک کاندیدی سەربەخۆی تورکمانەکان لە هەولێر، بەڵام بەبیانوی جیا بانگهێشتی ئاسایشم دەکەن".

راشیگەیاندووە " گومانم لەو داواکاریانە هەیە کە لەلایەن ئاسایشی هەولێرەوە پێموتراوە کە سەردانیان بکەم بۆ ئەو مەبەستە، بۆیە چاوەڕوان دەکەم بە بیانوی جیاجیا بیانەوێت دەستگیرم بکەن و سزام بدەن، بەمەش هەوڵی دوورخستنەوەم لە کاندیدبوونم بدەن".

عەبدولباست خالید دەشڵێت" دەزگا ئەمنییەکانی هەولێر بەرپرسن لە ژیانی خۆم و خێزان و منداڵەکانم، داوا لە لایەنەکان دەکەم بە هانامەوە بێن و رێگا نەدەن هێزە ئەمنییەکانی هەولێر بە بیانوی جیاجیا و دوورخستنەوە لە کاندیدبوونم راپێچی زیندانم بکەن".

ئەمە لە کاتێکدایە کە عەبدولباست خالید کە سەرۆکی ئەنجومەنی سیاسی تورکمان لە هەولێرە پێشتر چەندینجار کۆنگرەی رۆژنامەوانی ئەنجامداوە و دژی نوێنەری بەناو تورکمانەکان لە پەرلەمانی کوردستان وەستاوەتەوە و داواشیکردووە پێکهاتەکان بە گشتی و تورکمانەکان بەتایبەتی پێویستە نوێنەری راستەقینەی خۆیان بۆ پەرلەمان هەڵبژێرن نەک لەلایەن حزبێکەوە بەکاربهێندرێن.



AM:11:46:22/06/2024