باوكی خواناس: تاوانبار دانی به‌ هه‌موو شتێكداناوه‌، به‌ڵام بڕیاری سزاكه‌ی ده‌رنه‌چووه‌

ئەمڕۆ شەممە ٢٢ی حوزەیرانی ٢٠٢٤ کە هاوکاتە لەگەڵ ڕۆژی کوژرانی خواناس ئەو گەنجەی لە ناو بازاڕی قەزای چەمچەماڵ ساڵێک پێش ئێستا کۆتایی بە ژیانی هێنرا، باوكی خواناسیش لەو یادەدا لە نامەیەكدا دەڵێت" تاوانبار دانی به‌ هه‌موو شتێكدا ناوه‌، به‌ڵام بڕیاری سزاكه‌ی ده‌رنه‌چووه‌". 

وریا گلی باوکی خواناس، ئەمڕۆ لە نامەیەكدا بڵاویکردەوە" ساڵێك بەر لە ئێستە لە ڕۆژی پێنجشەممە دواینیوەڕۆ، بە دەستێكی تاوانبار و دڵێكی ڕەش خواناس  لە ٢٥ ساڵی كوژرا". 

دەشڵێت" دوای كوشتنی خواناس، بێویژدانانە و نامرۆڤانە كەوتنە قسەكردن و جنێودان بە خواناسی ستەملێكراو، بە مەشەوە نەوەستان ئێمەشیان وەك باوك و دایكی خواناس جنێوباران كرد، هەروەها بە نەمانی خواناس جەرگی دایك و باوكێك سووتا، ژنێك بێوەژن بوو، منداڵێك هەتیوو كەوت، زۆر كاریگەری خراپی تری لێ كەوتەوە". 

لە نامەكەی باوكی خواناسدا هاتووە" زۆر سەیر بوو هیچ كەس ڕاستی ڕووداوەكەی نەدەزانی و قسەیان لەسەر دەكرد، ڤیدیۆ و پۆستی دوو ساڵ پێشتری خواناس بڵاودەكرایەوە و وا پێشان دەدرا لەسەر ئەوە كوژرابێ، هەر ئەوەنا قسە لەسەر نادیار و غەیب دەكرا، بۆ نموونە دەگوترا ئێستە لە گۆڕەكە داخ دەكرێی، ئێستە شەقشەقێن دەكرێی..... هتد، باشە ئەمانە شتی ئەودیون، كێ دەزانێ لە گۆڕدا دەگوزەرێ؟!". 

ڕاشیگەیاندووە" زۆر ئازاری ئێمە درا، خواناس بە ١٠ فیشەك كوژرا، بەڵام هەزاران فیشەك نرا بە ئێمەوە، كەسایەتیمان ڕووشێنرا، دوای یەك ڕۆژ بە هاوكاری بنەماڵەی بكوژ، بكوژ ڕادەستكرا، ئێستە سێ دانیشتنی دادگا بەڕێوەچووە، تاوانبار دانی بە هەموو شتێكدا ناوە، بەڵام بڕیاری سزاكەی دەرنەچووە، كەسانی پشت بكوژ نەگیراون، چونكە بكوژ پلاندانەر و پیلانداڕێژەر و پاڵنەری هەبووە، بۆیە وەك خێزانی خواناس تاكە ڕێمان  بۆ جێگیركردنی دادپەروەری دادگا بووە، چاوەڕێی بڕیاری دادگاین بۆ بە سزاگەیاندنی بكوژی كوڕەكەمان، داواكارین گەنجان لە دیدی توندڕەوی دوور بخەینەوە بە هەموومان تا ژیانێكی شایستە بۆ گەنجان دەستەبەر بكەین، دیدی پێكەوە ژیان بچەسپێنێن و ڕووبەڕووی كوشتن و بوەستینەوە". 

لە كۆتایی نامەكەی باوكی خواناسدا هاتووە" دەمانەوێت بە هەمووان بڵێین با یاسا سەروەر بێت و تاوانبار بە سزای خۆی بگات، هەروەها داواكارم تاوانبارانی پشتەوەی بكوژ بگیرێن و سزای یاسایی بدرێن".


PM:01:48:22/06/2024