"خۆدزینه‌وه‌ی زیاتری ده‌سه‌ڵات له‌ هه‌ڵبژاردن گورزی كاریگه‌رن له‌ دیموكراسی"

به‌ره‌ی گه‌ل كه‌ لە لایەن لاهور شێخ جه‌نگی سه‌رۆكایه‌تی ده‌كرێت دەڵێت" پێویسته‌ داوا له‌ كۆمسیۆن بكرێت واده‌یه‌كی نوێی كۆنكرێتی بۆ رۆژی هه‌ڵبژاردن دیاری بكات"، دەشڵێت" خۆدزینه‌وه‌ی زیاتری ده‌سه‌ڵات له‌ هه‌ڵبژاردن و حساب نه‌كردن بۆ ئیراده‌ی خه‌ڵكی كوردستان و زه‌وتكرنی مافی ده‌نگدان، گورزی كاریگه‌رن له‌ دیموكراسی". 

به‌ره‌ی گه‌ل، ئەمشە یەکشەممە ٢٣ی حوزەیرانی ٢٠٢٤ سه‌باره‌ت به‌ دیارینه‌كردنی واده‌ی نوێ بۆ ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردنه‌كانی په‌رله‌مانی كوردستان له‌ لایه‌ن نێچێرڤان بارزانی، ڕاگەیەندراوێک بڵاویكرده‌وه‌ و تێیدا هاتووە" وەک هەموولایەک ئاگادارن، سەرۆکی هەرێمی ماوە بەسەرچوو یەکەم مەرسومی بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە ٢٤ی نیسانی ساڵی ٢٠٢٢ دەرکرد کە تیایدا رۆژی ١ی ئۆکتۆبەری هەمان ساڵی بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن دیاریکردبوو، لەو کاتەوە کە زیاتر لە دوو ساڵ تێدەپەڕێت، تا ئێستا سێ جاریتر کات و رۆژی هەڵبژاردنی دیاریکردووە و هیچیان جێبەجێ نەکراون، کە دواجاریان ١٠ی حوزەیرانی ئەمساڵ بوو، ئەوەبوو پاش شەڕێکی میدیایی پڕ سیناریۆ و شیعاربازی نێوانیان بە رێکەوتنی حیزبی پێشوەختە پارتی و یەکێتی ئەویشیان دواخست، سەرۆکی هەرێمیش لەو هەموو دواخستن و پەکخستنانەدا بۆ تەنها جارێکیش و بە دێڕێک روونکردنەوەی نەدایە خەڵکی کوردستان و هاونیشتمانیان کە ئاخۆ هۆکاری ئەو دواخستنانە چییە و بۆچی ئەو وادانەی ئەو دیارییان دەکات لەبری پابەندبوون پێیانەوە بە سوکایەتیکردنەوە دوادەخرێن؟! بە مەرجێک کۆمسیۆن کە لایەنی جێبەجێکاری هەڵبژاردنە سەرجەم پێداویستییەکانی لە هەموو ڕوویەکەوە ئامادەکردبوو". 

بەرەی گەل ڕاشیگەیەندووە" ئەو خەمساردییەی سەرۆکی هەرێم، پرسیاری گەورە لەسەر رۆڵ و ئەرکی دامەزراوەی سەرۆکایەتی هەرێم دروست دەکات، بەوەی ئایا رۆڵی ئەو دامەزراوەیە لە سەروەختی سەرۆکایەتی نێچیرڤان بارزانیدا تەنها بووە بە دەرکردنی مەرسوم بێ ئەوەی پارتی و یەکێتی رێزی بگرن؟! یاخود سەرۆکی ئەو دامەزراوە گرنگە خۆی ئەو حاڵەتەی قبوڵە و بەشێکە لەو پرۆسەی بێبایەخکردنەکە، بە تایبەتی کە هەر لە سەرەتاوە بێدەنگ و بێهەڵوێست بوو لە درێژکردنەوەی تەمەنی نایاسایی پەرلەمان و سەرچاوەی هەموو کێشەکانی هەڵبژاردنیش لەو درێژکردنەوە نایاساییەوە سەرچاوەیان گرت". 

دەشڵێت" ئێمە بە ڕوونی رایدەگەیەنین ئەگەر سەرۆکی هەرێم، توانای ئەوەی نییە وادەیەکی نوێ بۆ هەڵبژاردن دیاری بکات و پێی وایە حیزبەکەی خۆی و هاوپەیمانەکەی کە یەکێتییە رێزی بڕیارەکانی ناگرن، پێویستە داوا لە کۆمسیۆن بکرێت وادەیەکی نوێی کۆنکرێتی بۆ رۆژی هەڵبژاردن دیاری بکات و ئەو بەرپرسیارێتییە بسپێردرێ بە ئەوان". 

ئەوەش هاتووە" خۆدزینەوەی زیاتری دەسەڵات لە هەڵبژاردن و حسابنەکردن بۆ ئیرادەی خەڵکی کوردستان و زەوتکرنی مافی دەنگدان، گورزی کاریگەرن لە دیموکراسی و زیانی گەورەن بەرامبەر پێگە و سەنگی ئەم هەرێمە لە عێراق و ناوچەکەدا، بۆیە دەبێت لە نزیکترین کاتدا وادەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دیاری بکرێت". 

هەرچەندە پێشتر کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق پێشنیاری بۆ سەرۆکایەتی هەرێم کردبوو کە ڕۆژی ٥ی ئەیلولی ئەمساڵ پرۆسەی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەبچێت، بەڵام تائێستا سەرۆکایەتی هەرێم بە فەرمی وەڵامی پێشنیارەکەی کۆمسیۆنی عێراقی نەداوەتەوە و هیچ وادەیەکی نوێش بۆ هەڵبژاردن دیارینەکردووە. 


PM:09:48:23/06/2024