داواکاری گشتی ئامەد هۆکاری سەرەکی ڕووداوی ئاگرەکەی هەردوو پارێزگای مێردین و ئامەدی باکوری کوردستانی ڕاگەیاند و دەڵێت" ڕووداوەکە لە ئەنجامی شۆرتی کارەباوە بووە".
داواکاری گشتی ئامەد، ئەمڕۆ یەکشەممە ٢٣ی حوزەیرانی ٢٠٢٤ لە ڕاپۆرتێکیدا بڵاویکردەوە" هۆکاری سەرەکی ئاگرەکەی درەنگانی شەوی ٢٠ی ئەم مانگەی هەردوو پارێزگای ئامەد و مێردینی باکوری کوردستان، بەهۆی شۆرتی کارەباوە بووە".
هەرچەندە داواکاری گشتی ئامەد لە ڕاپۆرتەکەیدا وردەکاری زیاتری دەربارەی ئەگرەکە نەخستۆتەڕوو، بەڵام ئاماژە بەوەدەکات کە بە دواداچوونی زیاتر لەگەڵ دام و دەزگا پەیوەندیدارەکان دەکات.
درەنگانی شەوی ٢٠ی ئەم مانگە، ئاگرێکی گەورە لە گوندی (تۆبینی) سەر بە شارۆچکەی چناری ئامەد و گوندی (هەربەرێ)ی سەر بە شارۆچکەی شەمرەخی مێردینی باکوری کوردستان کەوتەوە و بەرەبەیانی ڕۆژی دواتریش ئاگرەکە لە لایەن تیمەكانی ئاگركوژێنەوە كۆنترۆڵکرا.
تاوەکو ئێستاش ١٥ هاوڵاتی لە ئەنجامی ئەو ئاگرە گیانیان لەدەستداوە.