یارمەتی هێزەکانی هاوپەیمانان ژمارەیەکی لیوا ناگرێتەوە کە زۆرینەیان هێزەکانی سلێمانین
بەپێچەوانەی مانگەکانی ترەوە، یارمەتی هێزەکانی هاوپەیمانان بۆ هێزی پێشمەرگە هەندێک لیوا و فەوج و فەرماندەی هێزەکان ناگرێتەوە کە زۆربەی ئەو هێزانە لە ناوچەکانی سلێمانین.
بەپێی نوسراوێکی وەزارەتی پێشمەرگە کە دەست " سپی " کەوتووە کە رێکەوتی ٢٣ ی حوزەیرانی لەسەرەو لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی بودجەو بەرنامەکان و ژمێریای سەربازی ئاراستەی وەزیری پێشمەرگە و بریکاری وەزیر و سەرۆکایەتی ئەرکان و ئەمینداری هێزی پێشمەرگە کراوە، تیایدا هاتووە" ئەو یەکانەی ناویان لە خوارەوە هاتووە لەلایەن وردبینی لێکۆڵینەوەی هێزەکانی هاوپەیمانان پەسەند نەکراون و دەرنەچوون و هاوکاری نایانگرێتەوە، هەر بۆیە ئاگاداری ئەفسەرو پلەدار و پێشمەرگەکانی ئەم یەکانە دەکەین سەردانی بانکەکان نەکەن چونکە ئەو یارمەتیانە نایانگرێتەوە".
ناوی یەکە سەربازییەکان وەک لە نوسراوەکەدا هاتووە" ف١/ل١، ف٢/ ل٥ ، ف٣/ ل٧ ، ف٣/ل٨، ل٩، ف٢ ف٣/ل١١ ، ف١/ ل١٨، پ. مەشقی سلێمانی ، فەرماندەی هێزەکانی پشتتیوانی /٢.
بەپێی بەدواداچوونێکی ماڵپەڕی " سپی " دەرکەوت کە ئەم هێزانەی بۆ مانگی ئایار بێ بەشکراون لە هاوکاری هاوپەیامانان زۆریان هێزەکانی ناوچەکانی سلێمانین.
" سپی " چەندجارێک پەیوەندی بە وەزارەتی پێشمەرگەوە کرد، بەڵام هیچ وەڵامێکی دەستنەکەوت.
PM:01:37:24/06/2024