کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق تۆمارکردنی ناوی لیست و هاوپەیمانییەکانی تاوەکو کۆتایی هەفتە درێژکردەوە.
ئەمڕۆ دووشەممە، ٢٤ی حوزەیرانی ٢٠٢٤، کۆمسیۆنی باڵوی سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق ڕایگەیاند" وادەی تۆمارکردنی ناوی هاوپەیمانی، حزب و کاندیدەکانی پەرلەمانی کوردستان تاوەکو کۆتایی دەوامی ڕۆژی پێنجشەممەی داهاتوو ٢٧ی حوزەیران درێژکرایەوە.
پێشتر جومانە غەلای، وتەبێژی کۆمسیۆن ڕایگەیاندبوو" کاتژمێر ٢ی پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ دوا وادەی تۆمارکردنی لیست و ناوی کاندیدەکانە".
جومانە غەلای ڕایگەیاند" پێشتر کۆمسیۆن رۆژی ٥ی ٩ی دیاریی کردبوو بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان و نووسراوێکیشی ئاڕاستەی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان کردووە بۆ دیاریکردنی وادەی هەڵبژاردنەکە".
ئەوەشی خستەڕوو کە تاوەکو ئێستا ١٢ حیزب و دوو هاوپەیمانی و ٧٧ کاندیدی سەربەخۆ خۆیان بۆ بەشدارییکردن لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان تۆمارکردووە.
ئەمەش لە کاتێکدایە کە تا ئێستا سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان کاتێکی نوێی بۆ هەڵبژاردنەکە دیاری نەکردووە.