کارەبای سلێمانی: لە ئێستادا ١٣ کاتژمێر کارەبای نیشتمانی هەیە

وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی كارەبای سلێمانی ڕایدەگەیەنێت، كە لە ئێستادا بە تێكڕا نزیكەی ١٣ كاتژمێر كارەبای نیشتمانی دەدرێت بە هاووڵاتیان و وتیشی" لەگەڵ هاتنی گەرمادا خواست لەسەر كارەبا زیاد دەبێت".

سیروان محەمەد، وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی كارەبای سلێمانی لە لێدوانێكی ڕۆژنامەوانیدا ئاماژەی بەوەكردووە، هەروەكو هەموو ساڵێك پێشبینی دەكرێت دۆخی كارەبا لە مانگی حوزەیران بەدواوە خواست لەسەری زیاد بكات و ئێمەش بەشی پڕكردنەوەی پێداویستی ٢٤ كاتژمێر كارەبامان بۆ هاووڵاتیان نییە.

ڕاشیگەیاند" لە ئێستادا بەنزیكەی ١٢ بۆ ١٣ كاتژمێر لە سلێمانی كارەبا دەدرێتە هاووڵاتیان."

ئاماژەی بەوەشكرد، حكومەتی هەرێم چەند ساڵێكە گرنگی تایبەت بە وزە نوێبووەكانی وەك (سیستمی سۆلار) دەدات و هەر هاووڵاتییەك سیستمی سۆلار دابنێت بۆی تێكەڵی كارەبای نیشتمانی دەكرێت و بەنرخی ماڵان یان بازرگانی بەپێی شوێنەكە نرخەكەی لە كارەبای نیشتمانی بۆ دادەشكێنرێت و لە ئێستادا خەڵك زۆر ئەو سیستمە دادەنێت.

ئاشكراشی كرد، ئەو كارەبایەی بۆ سلێمانی دێت نزیكەی ٧٠٠ مێگاواتە، بەوەش نزیكەی ٥٠ % كورتهێنان هەیە لەكاتێكدا سلێمانی پێویستی بە نزیكەی ١٤٠٠ مێگاواتە تا كارەبای بەردەوام دابین بكرێت.


PM:04:49:24/06/2024