وەزارەتی دارایی هەرێم ژمارەیەک بڕیاری له‌باره‌ی كردنه‌وه‌ی هه‌ژمار و كارتی بانكی مووچهخۆرانەوە ده‌ركرد و دەڵێت" زیاتر له ٤٠٠ هه‌زار فه‌رمانبه‌ر له پرۆژه‌ی هەژماری من تۆماركراون".
وه‌زاره‌تی دارایی و ئابوری هەرێم لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە" ڕۆژی دووشه‌ممه ٢٤ی حوزەیرانی ٢٠٢٤ ئاوات شێخ جه‌ناب وه‌زیری دارایی و ئابوری هەرێم له‌گه‌ڵ تیمی سه‌رپه‌رشتیاری پرۆژه‌ی هه‌ژماری من كۆبۆوه و وتی، جێبه‌جێكردنی پرۆژه‌كه هه‌نگاوێكی گرنگه بۆ ڕووبه‌ڕوبوونه‌وه‌ی گه‌نده‌ڵی و نه‌هێشتنی دوو مووچه‌یی و ڕێگری له سپیكردنه‌وه‌ی پاره و خۆدزینه‌وه له باج و چه‌ندین خزمه‌تگوزاری دارایی و بانكی پێشكه‌ش به فه‌رمانبه‌ران و مووچه‌خۆران ده‌كات".
هەر لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە" پرۆسه‌ی تۆماركردنی فه‌رمانبه‌ران له پرۆژه‌ی هه‌ژماری من له سه‌رتاسه‌ری هه‌رێمی كوردستان له ڕێگای هه‌شت بانكی ئه‌هلی و حكومییه‌وه به‌رده‌وامه كه سه‌رجه‌میان له‌لایه‌ن بانكی ناوه‌ندی عێراقه‌وه باوه‌ڕپێكراون و ڕه‌زامه‌ندی به‌شداری پرۆژه‌كه‌یان پێدراوه".
ئاماژە بەوەشکراوە، ئاوات شێخ جەناب بڕیاریدا چه‌ندین كارئاسانی زیاتر بۆ تیمه‌كان بكرێت تا پرۆسه‌كه خێراتر بكرێت و پێش ئه‌و واده‌یه‌ی بۆی دیاریكراوه سه‌رجه‌م مووچه‌خۆران ببنه خاوه‌ن هه‌ژماری بانكی خۆیان، هه‌روەها بڕیاریشدرا مۆڵه‌تی تا ١ی ئەیلولی ئه‌مساڵ به فه‌رمانبه‌رانی مه‌ده‌نی و كارمه‌ندانی لیوا هاوبه‌شه‌كان بدرێت له پارێزگای هه‌ولێر كه تا ئێستا خۆیان له پرۆژه‌كه تۆمارنه‌كردوه.
له به‌شێكی دیكه‌ی دیداره‌كه‌دا تیمی سه‌رپه‌رشتیاری پرۆژه‌ی هه‌ژماری من دواین داتا و ئاماری پرۆژه‌كه‌یان خسته‌ڕوو به جۆرێك تا ئێستا زیاتر له ٤٠٠ هه‌زار فه‌رمانبه‌ر له سه‌رتاسه‌ری هه‌رێمی كوردستان له پرۆژه‌كه تۆماركراون و نزیكه‌ی ٢٤٠ هه‌زار كارتی بانكیش دابه‌شكراون، هاوكات ئه‌م مانگه زیاتر له ٥٠ هه‌زار مووچه‌خۆر كه له ١٣٥ یه‌كه‌ی ژمێریاری له سه‌رجه‌م وه‌زاره‌ته‌كان پێكهاتبوون به‌شێوه‌ی دیجیتاڵی مووچه‌یان وه‌رگرتووه و مانگه‌كانی داهاتوو ڕێژه‌كه بۆ دوو هێنده به‌رزده‌كرێته‌وه.
هەر بەپێی راگه‌یه‌ندراوه‌كه، تا ئێستا ٩٤ ئامێری ڕاكێشانی پاره له ٣٢ شوێنی جیاوازی پارێزگای هه‌ولێر دانراون و له ئاینده‌یه‌كی نزیكدا ١٤٠ ئامێری ڕاكێشانی پاره له‌سه‌رتاسه‌ری هه‌رێمی كوردستان داده‌نرێن.
دارایی هەرێم له ڕاگهیهندراوهكهدا باسی له‌وه‌شكردووە، به‌پێی دواین ئاماره‌كان تا ئێستا لیستی نزیكه‌ی ٤ هه‌زار و ٥٠٠ فه‌رمانبه‌ر ئاڕاسته‌ی بانكی عێراقی بۆ بازرگانی (TBI) كراوه و به چه‌ند قۆناغێك كارتی بانكی گه‌ڕاوه‌ته‌وه بۆ فه‌رمانبه‌ران.