لە کاتێکدا هەرێم کارەبای کەمە، خەریکە بڕێکی تری دەفرۆشێت بە بەغدا

ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بڕیارێکی لەبارەی کڕین کارەباوە لە هەرێم دەرکرد، ئەوە لە کاتێکدایە کە بەرپرسانی کارەبای هەرێم ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن کە کاتژمێرەکانی پێدانی کارەبا لەم هاوینەدا کەمدەبێتەوەو، هاوکات لە هەولێر کارەبای تەواوی حکومی دابینناکرێت بۆ پێدانی ئاو بە شارەکە.

دوێنێ دوو شەممە ٢٤ ی حوزەیران حکومەتی عێراق لەبارەی کەمی و قەیرانی کارەباوە بۆ بەغداو شارەکانی تری عێراق چەند بریارێکی دەرکرد ئەوەی پەیوەندی بەهەرێمەوە هەبێت، بە پێی راگەیێندراوی نووسینگەی رۆژنامەوای سەرۆک وەزیران، لە کۆبوونەوەکەدا بڕیاردراوە بۆ ماوەی سێ مانگ و بۆ وەرزی گەرما گرێبەست لەگەڵ کۆمپانیای ماس بکرێت بۆ دابینکردنی کارەبا بۆ ناوچەکانی باکوور و تۆڕی نیشتمانی.
 
هەروەها لە ٢ ی حوزەیرانەوە گرێبەستێکی گواستنەوەی ٩٠ مێگاوات کارەبا لە گەرمیانەوە بۆ خانەقین و دەوروبەری کەوتە کار کە لە نێوان وەزارەتەکانی کارەبای هەرێمی کوردستان و عێراق واژۆ کراوە.
 
هەروەها لە بڕیاردراوە، وەزارەتی کارەبای فیدراڵ گرێبەست لەگەڵ کۆمپانیای کار بکات بۆ دابینکردنی کارەبا لە تورکیاوە بۆ ماوەی سێ مانگ بە گوێرەی ئەو نرخەی وەزارەتی کارەبا پیادەی دەکات. 

هەموو ئەمانە لە کاتێکدایە لە رۆژانی رابردوودا بەرپرسانی کارەبا لە لێدوانەکانیاندا ئاماژەیان بۆ ئەوە کرد کە پێدانی کارەبای نیشتمانی لەم هاوینەدا کەمدەبێتەوە.

هەروەها پارێزگاری هەولێر لە چەند رۆژی رابردوودا لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەگەریدا لە بارەی کەمی ئاوەوە بۆ هاوڵاتیان لە شاری هەولێر رایگەیاند " وەزارەتی کارەبا نا توانێت کارەبای تەواو دابینبکات بۆ بیرەکان و موزەخەکانی تا ئاوی زیاتر بدرێت بە هاوڵاتیان".



AM:09:08:25/06/2024