چەند قاچاخچییەكی یەختە نوقمبووەکەی ئیتاڵیا دەستگیركران

دواینیوەڕۆی ئەمڕۆ سێشەممە ٢٥ی حوزەیرانی ٢٠٢٤ دەزگای ئاسایشی هەرێم، دەستگیركردنی چوار قاچاغچی بازرگانیكردنیان بە مرۆڤەوە ڕاگەیاند كە پەیوەندییان بە كەیسی نوقومبوونی یەختەكەی كەناراوەكانی (ئیتاڵیا)هەبووە. 

دەزگای ئاسایشی هەرێم، لە ڕاگەیەنراوێكدا بڵاویکردەوە" پاش بەدواداچوون و كۆكردنەوەی زانیاری لەسەر ئەو تۆمەتبارانەی دەستیان هەبووە لە ناردنی ئەو هاوڵاتیانەی هەرێم بە ڕێگەی قاچاغ بۆ كەناراوەكانی ئیتاڵیا كە بووە هۆی ژێر ئاوكەوتنی یەختەكەیان و گیان لەدەستدانی زیاترلە (٦٤) هاوڵاتی، بە فەرمانی دادوەری ئاسایش، توانرا لە رۆژی ٢٠٢٤/٦/٢٥ چوار تۆمەتباری گەورە قاچاغچی بازرگانیكردن بە مرۆڤەوە بە ناوەكانی (ح،ح،ع )، (ب،س،م)، ( م،ج،أ )، ( د،ع،س ) دەستگیربكەین". 

دەزگای ئاسایشی هەرێم دەشڵێت" دڵنیایی بە هاوڵاتیانی هەرێمی كوردستان دەدەین کە هەوڵ و بە دواداچوونەكانمان بەردەوامە و لە ئەنجامی لێكۆڵینەوەكان هەركەسێكیتر ناوی بێت و بەشداربێت لە تاوانی بازرگانیكردن بە مرۆڤەوە لەناوخۆ یان لە دەرەوەی هەرێم، دەستگیردەكرێن و ڕووبەڕووی یاسا دەكرێنەوە". 

جەختیشی كردۆتەوە، لە ئێستادا تۆمەتباران بە یاسای ژمارە (٢٨)ی ساڵی ٢٠١٢ دەستگیركراون و لێكۆڵینەوە لە دۆسیەكانیان بەردەوامە.


PM:04:25:25/06/2024