ئاگرێكى فراوان لە سنوورى قەزای چەمچەماڵ کەوتەوە

پۆلیسی دارستان و ژینگەی سلێمانی ڕایدەگەیەنێت" ئاگرێكى فراوان لە سنوورى قەزای چەمچەماڵ کەوتەوە کە بەهۆیەوە نزیکەی ٢ هەزار و ٥٠٠ دۆنم لە پوش و پاوان سووتان". 

بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی دارستان و ژینگەی پارێزگای سلێمانی، لە پەیجى تایبەت بە خۆیان لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبوک بڵاویانکردەوە" بە هۆکارێکی نادیار ئاگرێكى فراوان لە گوندەکانى قەڵا چۆغە، عەسکەر، داڵاوە، هەیدەربەگ لە سنوورى قەزای چەمچەماڵ کەوتەوە". 

دەشڵێن" بەهۆى ئاگرەکەوە نزیکەی ٢ هەزار و ٥٠٠ دۆنم لە پوش و پاوان و داری سروشتی سووتان". 

باس لەوەشکراوە، دوای هەوڵ و ماندووبونێکی زۆر توانرا بە هاوکاری تیمەکانی ئاگر کوژێنەوەی شارۆچکەى چەمچەماڵ و شارەدێى ئاغجەلەر ئاگرەکە کۆنتڕۆڵ بکرێت.


AM:09:42:26/06/2024