"دەسەڵاتداران خەریكی هێنانەوەی بیانووی نالۆژیكین بۆ بوونی ئەشكەنجە و مامەڵەی نامرۆڤانە"

ڕێکخراوێی (دی ئێچ ئار دی) کە رێکخراوێکی مەدەنی سەربەخۆیە، ئەمڕۆ چوارشەممە، بە بۆنەی ڕۆژی جیهانی پالپشتیکردن لە قوربانیان و ڕزگاربووانی ئەشكەنجە پەیامێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت" لە هەرێمی كوردستان و عێراق دەسەڵاتداران خەریكی هێنانەوەی بیانوی نالۆژیكین بۆ بوونی ئەشكەنجە و مامەڵەی نامرۆڤانە". 

لە ڕاگەیەندراوەکەی ڕێکخراوی (دی ئێچ ئار دی)دا هاتووە" لە كاتێكدا جیهان ئەم یادە دەكاتەوە لە هەمان كاتدا ڕۆژی جیهانی بەرەنگاربوونەوەی ماددەی هۆشبەرە، دەوڵەتان لە هەوڵی جدیدان بۆ ڕێگرتن لە ئەشكەنجە و مامەڵەی نامرۆڤانە لەبەرئەوەی لە ڕووی زانستیەوە كاریگەرییەكانی ئەشكەنجە سەردەكێشێت بۆ بەكارهێنانی ماددەی هۆشبەر، بەڵام بە داخەوە لە هەرێمی كوردستان و عێراق هێشتا دەسەڵاتداران خەریكی هێنانەوەی بیانوی نالۆژیكین بۆ بوونی ئەشكەنجە و مامەڵەی نامرۆڤانە". 

ئەوەش هاتووە" داوا دەكەین لە سەرجەم لایەنە پەیوەندیدارەکان بە تایبەت دەسەڵاتی دادوەری و داواكاری گشتی و وەزارەتی ناوخۆ و ئەنجومەنی ئاسایش و هێزەكانی ئاسایشی ناوخۆ كە بە تەنگ ئەم پرسەوە بێن بۆ ڕێگرتن لە ئەشكەنجە و مامەڵەی نامرۆڤانە و شكاندنی شكۆی مرۆڤ". 

"ئەشكەنجەدان جگە لەوەی تاوانێكە دژ بە شكۆی مرۆڤ و یاسا ناوخۆی و نێودەوڵەتیەكان لەگەڵ ئەوەشدا کاریگەری زۆر قوڵ و درێژخایەنی هەیە لەسەر قوربانیان و كەسانی چواردەوریان وە زۆرجار ئەم ئەشکەنجەیە كاریگەری لەسەر كۆی ژیانی تایبەتی و خێزانی كەسی قوربانی بەجێ دەهێڵێت بە جۆرێك لە ژیان دووری دەخاتەوە كە ڕەنگە هەرگیز نەتوانێت ببێتەوە بە مرۆڤێكی ئاسایی ناو كۆمەڵگا، بۆیە ئەركی سەرشانی هەموومانە لەم یادەدا پاڵپشتی بكەین لە قوربانیان و ڕزگاربووانی ئەشكەنجە و مامەڵەی نامرۆڤانە و لە پاڵیاندا بوەستین بۆ دووبارە بنیاتنانەوەی ژیان و گەڕاندنەوەی متمانە بۆیان". (دی ئێچ ئار دی لە ڕاگەیەندراوەکەیدا وادەڵێت)

دەقی ڕاگەیەندراوەکە:

مامەڵەی نامرۆڤانە هیچ ئامانجێكی  
لە پشتەوە نیە جگە لە شكاندنی كەرامەتی مرۆڤ

لە ساڵیادی ڕۆژی جیهانی پاڵپشتی كردن لە قوربانیانی ئەشكەنجە و مامەڵەی نامرۆڤانە 26 ی حوزەیران ،بەوپەڕی نیگەرانیەوە ڕایدەگەیەنین بەرەنگاربوونەوە و ڕێگری كردن لە ئەشكەنجە و مامەڵەی نامرۆڤانە خەریكە دەبێتە پرسێكی تەواو پشتگوێ خراو،بەو بەڵگەیەی لە عێراق و هەرێمی كوردستانیش تا ئێستا هیچ یاسا و ڕێنمایی و ڕێكارێكی تایبەت نیە بۆ ڕێگری كردن لە ئەشكەنجە و مامەڵەی نامرۆڤانە لەگەڵ ئەوەی كە ڕۆژانە بانگەشەی بوونی ئەشكەنجە و مامەڵەی نامرۆڤانە دەکرێت لەلایەن قوربانیانی ئەشکەنجەوە لەبەردەم دامودەزگا فەرمییەکان و ڕێکخراوە نێوخۆیی و نێودەوڵەتییەکان بەتایبەت لەقۆناغەكانی لێكۆلینەوەی سەرەتایی لەتاوان،سەرەڕای ئەوەی هەرێمی كوردستان  وەک بەشێک لە عێراق لە ساڵی 2008 ەوە باپەندبوونی خۆی بۆ ڕێكەوتننامەی بەرەنگاربوونەوەی ئەشكەنجە و مامەڵەی نامرۆڤانە دەربڕیوە بە یاسای ژمارە (30) ساڵی 2008 وە لەسەرجەم ڕاسپاردە و تێبینیە نێودەوڵەتیەكان بۆ عێراق و هەرێمی كوردستان ئاماژە بە پێویستی(ضرورەتی) بوونی یاسایەك كراوە تایبەت بەم پرسە.

لەكاتێكدا جیهان ئەم یادە دەكاتەوە لە هەمان كاتدا ڕۆژی جیهانی بەرەنگاربوونەوەی مادەی هۆشبەرە ،دەولەتان لەهەوڵی جدیدان بۆ ڕێگرتن لە ئەشكەنجە و مامەڵەی نامرۆڤانە لەبەرئەوەی لە ڕووی زانستیەوە  كاریگەرییەكانی ئەشكەنجە سەردەكێشێت بۆ بەكارهێنانی مادەی هۆشبەر.بەڵام بەداخەوە لە هەرێمی كوردستان و عێراق هێشتا دەسەڵاتداران خەریكی هێنانەوەی بیانوی نالۆژیكین بۆ بوونی ئەشكەنجە و مامەڵەی نامرۆڤانە.

بەگوێرەی سەرجەم جاڕنامە و ڕێككەوتننامە و پرەنسیپە نێودەوڵەتیەكان و دەستوری هەمیشەی عێراق و یاسا بەركارەكان ئەشكەنجەدان بەهەموو شێوەیەك تاوانە بە شێوەی هەرتاوانێكی دیكە، بگرە قێزەونتریش لەبەرئەوەی ئەنجامدەرانی ئەشكەنجە بە حوكمی پلەی وەزیفی هەڵدەستێت  بە ئەنجامدانی ئەم تاوانە بەڵام ئەوەی جێگەی داخە لە هەرێمی كوردستانیش و عێراقیش ئەو ڕێكارە یاسایی و ئیداری و دادوەرییانەی بەرامبەر ئەنجامدەرانی ئەشكەنجە دەگیرێتەبەر لە پەنجەكانی دەست تێپەڕناكات بە پێچەوانەوە زۆرجار قوربانیان دووبارە دەبنەوە بە قوربانی ئەم پرسە و ڕووبەڕووی ئەشكەنجەدانی قورستر دەبنەوە لەپای ئەوەی ئاماژەیان بە ئازارەكانی خۆیان داوە.

ئێمە لەم یادەدا جگە لەوەی پاڵپشتی تەواوی خۆمان دووپات دەكەینەوە بۆ قوربانیانی ئەشكەنجە و مامەڵەی نامرۆڤانە،بە دەنگێكی بەرز داوادەكەین لەسەرجەم لایەنە پەیوەندیدارەکان بە تایبەت دەسەڵاتی دادوەری و داواكاری گشتی و وەزارەتی ناوخۆ و ئەنجومەنی ئاسایش و هێزەكانی ئاسایشی ناوخۆ، كە بەتەنگ ئەم پرسەوە بێن بۆ ڕێگرتن لە ئەشكەنجە و مامەڵەی نامرۆڤانە و شكاندنی شكۆی مرۆڤ ، لەبەرئەوەی ئەشكەنجەدان جگە لەوەی تاوانێكە دژ بەشكۆی مرۆڤ و یاسا ناوخۆیی و نێودەوڵەتیەكان لەگەڵ ئەوەشدا کاریگەری زۆر قوڵ و درێژخایەنی هەیە لەسەر قوربانیان و كەسانی چواردەوریان وە زۆرجار ئەم ئەشکەنجەیە كاریگەری لەسەر كۆی ژیانی تایبەتی و خێزانی كەسی قوربانی بەجێ دەهێڵێت بەجۆرێك لە ژیان دووری دەخاتەوە كە ڕەنگە هەرگیز نەتوانێت ببێتەوە بە مرۆڤێكی ئاسایی ناو كۆمەڵگا ،بۆیە ئەركی سەرشانی هەموومانە لەم یادەدا پاڵپشتی بكەین لە قوربانیان و ڕزگاربووانی ئەشكەنجە و مامەڵەی نامرۆڤانە و لە پاڵیاندا بوەستین بۆ دووبارە بنیاتنانەوەی ژیان و گەڕاندنەوەی متمانە بۆیان.

ڕۆژی پالپشتی لە قوربانیان و ڕزگاربووانی ئەشكەنجە

ڕێکخراوی DHRD


PM:01:01:26/06/2024