پارتی هیوادارە هەڵبژاردنێکی پاک بەڕێوەبچێت


پارتی دیموکراتی کوردستان بەبۆنەی دەستنیشانکردنی رۆژی هەڵبژاردن لەلایەن سەرۆکی هەرێمەوە، هەڵوێستی خۆیان راگەیاندو ئۆباڵی دواخستنی بەبێ ناوهێنان خستە سەر شانی یەکێتی و دەشڵێت" ھیوادارین ھەڵبژاردنێکی دیموکراسیانە و پاک و بێگەرد بەڕێوەبچێت کە ئاکامەکەی لە بەرژەوەندیی خەڵکی کوردستان دابێت".

مەحمود محەمەد وتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان دوای دەستنیشانکردنی کاتی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کە ٢٠ ی تشرینی یەکەمی ئەمساڵ کە لەلایەن نێچیرڤان بارزانیەوە دیاریکرا، هەڵوێستی پارتی راگەیاند.

لە راگەیاندنەکەی وتەبێژی پارتیدا هاتووە" لە ساڵی ٢٠٢٢ پارتیمان زۆر ھەوڵی دا کە پێش تەواوبوونی وادەی یاسایی پەرلەمانی کوردستان ڕێکارەکانی پێویست بۆ ھەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان دەست پێبکرێت، بەڵام بەداخەوە زۆر ئاستەنگ دروستکران".

" ئەو ئاستەنگانە بە زیانی پڕۆسەی سیاسی و یاسایی بۆ ھەرێمی کوردستان شکانەوە و ڕەنگدانەوەی خراپیان بەرامبەر دەسەڵات و مافەکانی ھەرێمی کوردستان بەدوای خۆدا ھێنا، لە دوای ئەوەش ھەوڵماندا ئەو پێشنیارانەی ھەبوون، بۆ پەرلەمانی ھەڵبژێردراو جێبێڵین بۆ چارەسەرکردنیان بە شێوەیەکی یاسایی کە ئەمەش ڕێگری لێکرا".( لە راگەیاندنەکەی پارتیدا ئاماژەی بۆ کراوە).

لە راگەیاندنەکەدا هاتووشە " بۆیە لە ١٨ی٣ی٢٠٢٤ پارتیمان ھەڵوێستی خۆی بۆ جەماوەری تێکۆشەری کوردستان ڕاگەیاند لەگەڵ دیاریکردن و ئاماژەدان بەو کەموکوڕتی و نا دادپەروەریانەی کە ھەبوون چ لە مافی پێکھاتەکان ھەتا کێشەی پەنجەمۆر و ھەوڵی بێبەشکردنی سەدان ھەزار کەس لە دەنگدان، ئەمانە و چەندین بابەتی دیکەی پەیوەندار بە رێکارەکانی پڕۆسەی ھەڵبژاردنەوە، کە دوای ئەم ھەڵوێستەی پارتیمان بەشێک لەو تێبینی و کەموکوڕیانە چارەسەرکران و بەشێکیشیان لە چارەسەرکردن دان، ھەرچەندە ھەموو چارەسەریەکان لەسەدا سەد نەبوون، بەڵام بەشێک لە مافەکان بۆ پێکھاتەکانی کوردستان گەڕایەوە و، بابەتەکانی دیکەش بەشێکی باشیان چارەسەرکراون".

لە کۆتایشدا پارتی دەڵێت "ھیوادارین ھەڵبژاردنێکی دیموکراسیانە و پاک و بێگەرد بەڕێوەبچێت کە ئاکامەکەی لە بەرژەوەندیی خەڵکی کوردستان دابێت".



PM:02:29:26/06/2024