کۆمسیۆن ئەو کاتە هەڵدەسەنگێنێت کە سەرۆکی هەرێم بۆ هەڵبژاردن دیاریکرد


وتەبێژی کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان رایگەیاند "کۆمسیۆنی باڵا ئەو کاتە هەڵدەسەنگێنێت کە ئەمڕۆ سەرۆکی هەرێم بۆ هەڵبژاردن دیاریکردووە کە ٢٠ ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٤ ە".

جومانە غەلای وتەبێژی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند " ئەنجومەنی کۆمسیاران هەڵسەنگاندن بۆ وادەکە دەکات کە لەلایەن سەرۆکایەتی هەرێمەوە دیاریکراوە و پاشان بڕیار دەدات کە ئایا کۆمسیۆن لەو وادەیەدا دەتوانێت هەڵبژاردن بەڕێوەبەرێت یاخود نا".

لە درێژەی لێدوانەکەیدا وتەبێژەکەی کۆمسیۆن وتیشی" کۆمسیۆن بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان، پشت بە تۆماری پەسەندکراوی کۆمسیۆن دەبەستێت کە تێیدا ناوی سەرجەم دەنگدەرانی عیراق بە پارێزگاکانی هەرێمیشەوە لەخۆ دەگرێت، ئەگەر لەدوای ئەنجامدانی هەڵبژاردنیش لایەنێک تانەی هەبێت لە پڕۆسەکە دەتوانێت لە دەستەی دادوەری کۆمسیۆن تانەکەی پێشکەش بکات".

"هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان لەلایەن کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکای عیراقەوە بەڕێوەدەبرێت و بەپێی یاسای هەڵبژاردنی هەرێمی کوردستان رێکارەکانی جێبەجێ دەکات کە خۆی لە ئامادەکاری بۆ هەڵبژاردن و پڕۆسەی دەنگدان و جیاکردنەوە و هەژماری دەنگەکان و راگەیاندنی ئەنجامەکان دەبینێتەوە"، وتەبێژی کۆمسیۆن وادەڵیت.

دڵشاد شەهاب وتەبێژی سەرۆکایەتی هەرێم ئەمڕۆ چوار شەممە لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەگەریدا رایگەیاند کە ٢٠ ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٤ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ئەنجام دەدرێت، هەر چەندە ئاماژەی بەوەش کرد کە مەرجی نییە هەموو لایەنەکان لەگەڵ دانانی ئەو رۆژەدا بووبن.



PM:03:28:26/06/2024