شاسوار عەبدولواحید: ئەو رۆژەی دیاریکراوە بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن دوورە


سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ رایدەگەیەنێت" هەرچەندە ئەو رۆژەی دیاریکراوە بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن لەهەرێمی کوردستان، بەرای ئێمە دوورە و پێمان باش بوو زوتر هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ئەنجام بدرایە، بەڵام ئەنجامدانی هەڵبژاردن زۆر گرنگە بۆ خەڵکی کوردستان و رزگاربوونیان لەم دۆخە ناهەموارە".

لەبارەی دیاریکردنی رۆژی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانەوە کە ٢٠ ی تشرینی یەکەمی ئەمساڵە حزبەکان هەڵوێستی خۆیان ئاشکرا دەکەن، لەم نێوەشدا ئەمڕۆ چوار شەممە شاسوار عەبدولواحید راگەیاندنێکی بڵاوکردەوە.

لە راگەیاندنەکەدا دەڵێت" بۆیە بە رۆحێکی پڕهیوا و دڵێکی خۆشەوە چاوەروانی رۆژی هەڵبژاردن و کۆتاییهێنانی ئەم حوکمرانیە خراپەی پارتی و یەکێتی دەکەین." 

سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ پێیوایە " رۆژی ٢٠ ی ئۆکتۆبەر رۆژێکی ناخۆشە بۆ دەسەڵاتداران و رۆژی رووخانی ئەزمونی ٣٣ ساڵەی حکومرانی بنەماڵەییە لە هەرێمی کوردستان و رۆژی هاتنی دڵخۆشی و خۆشگوزەرانییە بۆ خەڵکی کوردستان".

دڵشاد شەهاب وتەبێژی سەرۆکایەتی هەرێم ئەمڕۆ چوار شەممە لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەگەریدا رایگەیاند کە ٢٠ ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٤ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ئەنجام دەدرێت، هەر چەندە ئاماژەی بەوەش کرد کە مەرجی نییە هەموو لایەنەکان لەگەڵ دانانی ئەو رۆژەدا بووبن.



PM:04:33:26/06/2024