یەکێتی: هەوڵەکان بۆ دەستکاری ئەنجامی هەڵبژاردنی ئەمجارە مەحاڵە

وتەبێژی یەكێتی نیشتمانی كوردستان ڕایدەگەیەنێت" كە بە هەوڵی لایەنەكان توانرا نیوەی كورسی كۆتاكان بگەڕێنرێتەوە و  كۆمسیۆنی عێراق سەرپەرشتی هەڵبژاردن دەكات و دەرفەتی دەستێوەردان نەماوە".

سەعدی ئەحمەد پیرە، وتەبێژی یەكێتی لە كۆنفڕانسێكی ڕۆژنامەوانیدا کە پەیامنێری (سپی) لەوێ ئامادەبوو ڕایگەیاند" ئاوارەی كورد و غەیری كوردی هەبووە بە ناسنامەی ساختەوە پێشتر دەنگیان پێدراوە و ئەمجارە ناتوانن دەنگبدەن".

ئاماژەی بەوەشدا، هەوڵەکان بۆ دەستکاری ئەنجامی هەڵبژاردنی ئەمجارە مەحاڵە، و ئێمە هەمیشە ئامادەی هەڵبژاردنین و دەمانەویت ئەنجام بدرێت.

دەربارەی هەوڵەکان بۆ جارێکیتر دواخستنی هەڵبژاردن سەعدی پیرە وتی" هەندێک لایەن ویستویانە بەربەست بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن درووستبکەن و دروستیشیان کرد، ئەو دەنگۆیانەی باس لە دواخستنی هەڵبژاردن دەکەن و یەکێتی تۆمەتبار دەکەن دوورن لە ڕاستییەوە و تەنها دەنگۆی سۆشیال میدیایە، و هەمووان دەتوانن لە ٣١ی ئاب دەست بە بانگەشەی هەڵبژاردن بکەن".

وتیشی"بۆ دیاریکردنی ڕۆژی هەڵبژاردن هیچ ڕاویژێکمان پێ نەکراوە، و هیوادارین لە بانگەشەی هەڵبژاردن دووربکەوینەوە لە زمانی زبر و هێرشکردن و بەریەککەوتن لەگەڵ یەک".

ئەمڕۆ چوار شەممە، دڵشاد شەهاب، وتەبێژی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان ڕایگەیاند'' بە فەرمانی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان و بە ئاگاداری و ڕەزامەندی لایەنە نێودەوڵەتییەكان و لایەنەكانی هەرێم، ڕۆژی ٢٠ی تشرینی یەكەمی ٢٠٢٤بۆ هەڵبژاردنی خوولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان دیاریكرا''.

بۆبینینی کۆنگرە رۆژنامەوانییەکە سەردانی پەیجی سپی بکەن: https://fb.watch/sY15As9kz7/




PM:08:08:26/06/2024