حکومەتی هەرێم: بە زووترین كات لیستی مووچەی مانگی ٦ ڕەوانەی بەغدا دەکرێت

ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێم سەبارەت بە پرسی بەرهەمهێنانی کارەبا، دوایین پەرەسەندنەکانی بابەتی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان و پرۆسەی حەجی ئەمساڵ كۆبووەوە و بڕیار درا بە زووترین كات لیستی مووچەی مانگی ٦ ڕەوانەی بەغدا بكرێت و جەختیشی كردەوە، بڕیاری لێخۆشبوونی قەرزی كارەبا تاوەكو ٣١ی  تەمموز بەردەوام دەبێت.

ڕۆژی (٢٦ـی حوزەیرانی ٢٠٢٤) بە سەرپەرشتی  مەسرور بارزانی سەرۆکی ( ماوەبۆدرێژکراوەی) حکومەتی هەرێم  و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەت هەرێمی کوردستان کۆبووەوە.

لە بڕگەی یەکەمی کۆبوونەوەدا، ڕاپۆرتێک لەبارەی ڕەوشی ئێستای خزمەتگوزاریی کارەبا لە هەرێمی کوردستان لە وەرزی هاوین و هەوڵەکانی وەزارەت بۆ باشترکردنی خزمەتگوزارەیی کارەبا لەم وەرزەدا لەلایەن کەمال محەمەد ساڵح وەزیری کارەبا خرایەڕوو.

وەزیری کارەبا ئاماژەی بە پلان و بەرنامەکانی وەزارەتەکەی کرد بۆ زیاترکردنی بڕی کارەبای بەرهەمهێنراو لە کابینەی نۆیەمی حکومەتدا، ئەمەش ئەنجامی چاکسازییکردن لە سێکتەری کارەبا بووە.

وەزیری کارەبا باسی لە هۆکار و ئەگەرەکانی کەمیی کارەبا و زیادبوونی خواست لەسەر کارەبا لە وەرزی هاویندا کرد و ئاماژەی بەوەدا کە خواستی کارەبا لەم مانگەدا ٤٨٠٠ میگاواتە بەڵام بەرهەمهێانی کارەبا ٣٩٨٩ مێگاوات بووە کە دابەشکراوە بەسەر شارەکاندا و بە تێکڕا نزیکەی ١٣  کاتژمێر کارەبای نیشتیمانی دابینکراوە لەم مانگەدا، لە هەمان کاتدا وەزیری کارەبا هۆکارەکانی کەمی کارەبای خستەڕوو، کە بریتین لە کەمی غازی سروشتی پێویست بۆ بە بەگەڕخستنی یەکەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا و گەشەی ساڵانەی هاوبەشانی کارەبا و زیادبوونی خواست لەسەر کارەبا.

لە کۆتایی ڕاپۆرتەکەیدا، وەزیری کارەبا چەند پێشنیارێکی خستەڕوو بۆ باشترکردنی ئەم خزمەتگوزارییە. ئەنجومەنی وەزیران پێشنیارەکانی وەزارەتی کارەبای ئاراستەی وەزارەت و لایەنەپەیوەندیدارەکان کرد بۆ گرتنەبەری ڕێکاریی پێویست.

لە تەوەرێکی دیکەدا، ئەنجومەنی وەزیران پێشنیارێکی وەزیری کارەبای پەسەندکرد سەبارەت بە بڕیارێکی پێشووی ئەنجومەنی وەزیران تایبەت بە داشکاندنی ڕێژەی %٢٠ ی پارەی کەڵەکەبووی کارەبای هاووڵاتییان و بڕیاردرا تا ٢٠٢٤/٧/٣١ ڕێژەی داشکاندنی سەرەوە بەردەوام دەبێت .

بڕگەی دووەم تایبەت بوو بە ڕاپۆرتێک لەلایەن پشتیوان سادق، وەزیری ئەوقاف و کاروباری ئایینی ، سەبارەت بە بەڕێوەچوونی ڕێورەسمی ئەمساڵی حەج و ڕێکارەکانی وەزارەت لەمبارەیەوە . هەروەها بابەتی گیان لەدەستدانی ژمارەیەک لە حاجیانی هەرێمی کوردستان .

وەزیری ئەوقاف و کاروباری ئایینی ئاماژەیدا بەوەی، کە ژمارەی حاجیانی هەرێم ٤٦٨٥ کەس بوون و وەزارەت لە ڕێگای بەڕێوەبەرایەتی گشتی حەج وبەرپرسی نووسینگەی حەج لە پارێزگاکان وئیدارە سەربەخۆکانی هەرێم، بەرپرسیاربوون لە سەلامەتی و هاتووچۆ و گواستنەوەی حاجیان بۆ سعودیە وبەدواداچوونی دابینکردنی شوێنی حەوانەوەیان و نانخواردنیان و سەلامەتی و سەرپەرشتیکردنیان، هەروەها تیمی وەزارەتی تەندروستی حکومەتی هەرێم ، هاوەڵی حاجیانی هەرێم بوون بۆ پاراستنی سەلامەتی تەندروستیان، سەرەڕای ئەوەی حکومەتی هەرێم پاڵپشتی داراییشی تەرخانکردبوو بۆ حاجیان.

سەبارەت بە گیان لەدەستدانی ژمارەیەک لە حاجیانی هەرێمی کوردستان، ئەنجومەنی وەزیران دڵگرانیی و سەرەخۆشی وهاوخەمی لەگەڵ بە بنەماڵە و کەسوکاری خوالێخۆشبووان دەربڕی و وەزارەتی ئەوقاف وکاروباری ئایینیشی ڕاسپارد، کە بە هەماهەنگی وەزارەت ولایەنە پەیوەندیدارەکان، لە هۆکارەکانی گیان لە دەستدانی ئەو حاجیانە بکۆڵنەوە و هەموو ڕێکارێک بگرنەبەر بۆ بەرگرتن لە دووبارەبوونەوەی ئەم ڕووداوە دڵتەزێنانە لە ساڵانی داهاتوو.

هەر سەبارەت بەم بڕگەیە، سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستی ڕاپۆرتێکی خستەڕوو سەبارەت بە ڕەوشی تەندروستیی حاجیانی هەرێم لە ساڵی ٢٠٢٤  ئەویش لە ڕێگەی دابینکردنی ستافێکی تەندروستی لە پزیشکانی پسپۆڕ وکارمەندانی تەندروستی کە هاوسەفەری حاجیان بوون بۆ پێشکەشکردنی خزمەتگوزاریی تەندروستی بە حاجیان.

لە بڕگەیەکی دیکەی کۆبوونەوە ، گفتوگۆ لەبارەی بابەتەکانی پەیوەندیدار بە مووچەی هەرێمی کوردستان و ڕێکار و میکانیزمی جێبەجێکردنی پابەندییەکان لە بەرامبەر حکومەتی فیدراڵ کرا، لەوانە لیستی مووچەی مانگانەی مووچەخۆرانی هەرێم، پرۆسەی وردبینی هاوبەشی هەردوو دیوانی چاودێری دارایی فیدراڵ و هەرێم ، بەبانکیکردنی مووچە ، بابەتی تەرازووی پێداچوونەوەی مانگانەی یەکگرتووی سەرجەم دامەزراوەکان، بەشی گەنجینەی فیدراڵی لە داهاتی نانەوتی مانگانەی هەرێم و بابەتی ڕێکخستنەوەی مینحەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا بۆ هێزەکانی پێشمەرگە.

ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابووری و ئەندامانی شاندی دانوستانکاری حکومەتی هەرێم لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ، کورتەیەکیان دەربارەی دوایین پەرەسەندنەکانی بابەتەکانیان خستەڕوو.

ئەنجومەنی وەزیران هەڵوێستی خۆی دووپاتکردەوە، کە خوازیاری چارەسەرکردنی کێشە و بەربەستەکانی بەردەم خەرجکردنی مووچەی هەرێمی کوردستانە، سەرجەم وەزارەتەکانیش ڕاسپێردران کە پێویستە بەردەوام بن لەسەر ناردنی لیستی مووچەی مووچەخۆران و تەرازووی پێداچوونەوەی مانگانەی داهات و خەرجی و میلاکی هەرێم لە کاتی خۆیدا و بەردەوام بن لە پێشکەشکردنی کارئاسانی پێویست بۆ تیمی هاوبەشی هەردوو دیوانی چاودێری دارایی فیدڕاڵی و هەرێم بۆ بەجێگەیاندنی ئەرکەکانیان لە وردبینی و پێداچوونەوە.

سەبارەت بە مووچەی مانگی پێنجی هێزەکانی پێشمەرگە و دامەزراوە ئەمنیەکانیش، داواکرا کە وەزارەتی دارایی عێراق، بە زووترین کات مووچەکانیان خەرج بکات بە تایبەتیش کە لە دوا هەنگاودا، حکومەتی هەرێمی كوردستان، لیستی مووچەی هێزەکانی پێشمەرگەی بە سەرجەم داتا و زانیاری پێویست ئاراستەی وەزارەتی دارایی فیدڕاڵ کردووە و هیچ بیانوویەک بۆ نەناردنی مووچەکانیان نەماوە.
ئەنجومەنی وەزیران هەروەها وەزارەتی دارایی وئابووری ڕاسپارد پەلە بکەن لە ناردنی لیستی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم بۆ مانگی ٦ بۆ بەغدا و هەروەها ناردنی بەشی گەنجینەی فیدڕاڵیی لە داهاتە نانەوتییەکانی هەرێم بۆ ئەژمێری وەزارەتی دارایی عێراق.

لە کۆتاییدا سەبارەت بەدیاریکردنی ڕۆژی ٢٠٢٤/١٠/٢٠ بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان و پێشوازی کردن لەو فەرمانە هەرێمییە، ئەنجومەنی وەزیران پێشنیاری پێشوازیکردنەکەی خستە دەنگدانەوە و بە زۆرینەی دەنگ، پێشوازی لە ڕاگەیاندنی ڕۆژی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کرا.



PM:08:49:26/06/2024