نوسەرێک داوا دەکات ئەم پێشێلکارییانە بەرامبەر بە ژینگەی شاخی باواجی کۆیە ڕابگرن

سەفین عومەر، نوسەر ڕایدەگەیەنێت" لە ئێستادا ژینگە و سروشتی شاری کۆیە، کەوتووەتە بەردەم شاڵاوێکی ترسناکی ئەنفالکردن، تایبەت شاخی باواجی، لە بەشی باکوری شارەکە، کە بەرزییەکەی دەگاتە ١٢٦٠م لە ئاستی ڕووی دەریاوە". 

سەفین عومەر نوسەر، لە نوسینی وتارێکیدا  بە ناونیشانی (لە گۆیژەی سلێمانییەوە و بۆ باواجی کۆیە)، ڕایگەیاندووە" ئەو دەستدرێژییەی لە سلێمانی بۆسەر گۆیژە و ژینگەی شارەکە وەک مەترسییەک بەشێکی گرنگ لە توێژی کۆمەڵایەتی جیاجیای هێناوەتە دەنگ، ماوەیەکە ڕووبەڕووی شاری کۆیە کە یەکێک لە دێرینترین شارە مێژووییەکانی کوردستانە بووەتەوە، لە ئێستادا ژینگە و سروشتی شاری کۆیە، کەوتووەتە بەردەم شاڵاوێکی ترسناکی ئەنفالکردن، تایبەت شاخی باواجی، لە بەشی باکوری شارەکە کە بەرزییەکەی دەگاتە ١٢٦٠م لە ئاستی ڕووی دەریاوە". 

دەشڵێت" ئەوەی باواجی کۆیە لە شاخی گۆیژەی سلێمانی جیادەکاتەوە، ئەوەیە، باواجی نەدەکرێتە پرۆژەی نیشتەجێبوون، نە تونێڵ و نە ڕێگاوبانی مۆدێرنی تێدا دروست دەکرێت کە بێگومان ئەمانەش نابێت لەسەر حیسابی تێکدانی سروشت و ژینگە بێت، بەڵکو بۆ بەرژەوەندی و قازانجی چەند کەسێک کە ژمارەیان لە پەنجەکانی یەک دەست تێناپەڕێت، جوانی و سروشتە ژینگەییەکەی دەشێوێنن و ناو سکی شاخەکە هەڵدەدڕن". 

ڕاشیگەیاندووە" داوا لە دەزگای داواکاری گشتی هەرێمی کوردستان، تەواوی ئەو بەرپرس و دەزگا پەیوەندیدارانە دەکەین، کە خەمی ژیانی مرۆڤ و کۆمەڵگە و سروشتی کوردستانیان هەیە، بە کردەیی لە پشتی پاراستنی ژینگەی کوردستان و ناوچە جیاوازەکانی بوەستنەوە بە تایبەتیش ژینگە و دارستانی کۆیە، کە لە ئێستادا لە بەردەم مەترسی گەورە و هەڕەشەی ئەنفالکردنێکی ترسناکدایە، گرنگە هەرچی زووە و هەرچی دەکرێت جگە لە وەستاندنی دەستدرێژییەکان، کەمتەرخەم و ژینگە شێوێنەکانیش، بەبێ لە بەرچاوگرتنی ئینتیمای سیاسی و کۆمەڵایەتی، ڕووبەڕووی لێپێچینەوەی یاسایی بکەنەوە". 

دەقی وتارەکە بەمشێوەیەیە:

لەگۆیژەی سلێمانییەوە بۆ باواجی کۆیە


ماوەیەکە بە هۆی شێواندن و هەوڵدان بۆ وشککردنی سییەکانی شاری سلێمانی (شاخی گۆیژە)، شەپۆلێکی ناڕەزایی لەلایەن ژینگەپارێزان، بەشێک لە میدیاکار و دەزگا میدیاییەکان، نوسەران و ڕۆشنبیران، هاتۆتە ئاراوە، کە تا ڕادەیەک دەسەڵات و ناوەندی بڕیاری لەم شارە بە خۆیەوە سەرقاڵ کردوە .

هەوڵدان بۆ شێواندنی ژینگە و سروشتی سلێمانی و لە نێویشیاندا شاخی گۆیژە، دوو بۆچوونی جیاواز و ناکۆک بە یەکدی بە دوای خۆیدا هێناوە:

یەکەمیان، دەسەڵات و ئیدارەی شارەکە و  ژمارەیەک لە ڕۆژنامەنووس و قەڵەم بەدەستان ، بەبێ ئاگاداری ورد بە بایەخ و گرنگی ژینگە و مەترسییە دوورمەوداکانی بۆ سەر ژیانی مرۆڤەکان و کۆمەڵگە، جۆرێک لە ڕەوایەتی بە شێواندنەکە و بەو پڕۆژە نیشتەجێبوونەی کۆمپانیای قەیوان دەدەن کە ئێستا لەوێدا کاری تێدا دەکات، بە پاساوی یاساییبوونی کارەکە و بوونی مۆڵەتی فەرمی لایەنە پەیوەندیدارەکان و هەندێ خزمەتگوزاری وەک دەڵێن، ئەنجامدانی ڕێگاوبان و تونێل و هەندێ شتی تریش.

دووەمیشیان، ئەو ڕۆشنبیر، چالاکوان، میدیاکار و ژینگەدۆستانەن، کە باوەڕیان وایە، ئەوەی کۆمپانیای قەیوان بە پشتیوانی دەسەڵات لە سلێمانی ئەنجامی دەدات، بریتییە لە  دەستدرێژی و ئەنفالکردنێکی ترسناکی ژینگە و سروشتی کوردستان و شارەکە و لێکەوتەی مەترسیداریش لە ڕووی ژینگەیی، سروشتی و ژیانی مرۆڤەکانەوە، دوای خۆی جێدەهێڵێت.

ژینگە و پاراستنی ژینگە، بابەتێکە دەخوازێت هەمووان لەبارەیەوە  یەکدەنگ و هاوهەڵوێست بین، چونکە پەیوەندی بە پاراستنی ژیانی ئێستا و ئایندەی هەمووانەوە هەیە. هەر وەک چۆن پێویست دەکات، هەمووان هەوڵەکانمان یەکخەین و  هەوڵبدەین پێش بە وێرانکردن و شێواندنی ژینگەی کوردستان بەگشتی و دەستکاری سروشتی گرد و شاخەکانمان، بە هەر بەهانەو پاساوێک بێت، بگرین.

ئەو دەستدرێژییەی لە سلێمانی بۆ سەر گۆیژە و ژینگەی شارەکە وەک مەترسییەک بەشێکی گرنگ لە توێژی کۆمەڵایەتی جیاجیای هێناوەتە دەنگ، ماوەیەکە ڕووبەڕووی شاری کۆیە، کە یەکێک لە دێرینترین شارە مێژووییەکانی کوردستانە، بووەتەوە. لە ئێستادا ژینگە و سروشتی شاری کۆیە، کەوتووەتە بەردەم شاڵاوێکی ترسناکی ئەنفالکردن، تایبەت شاخی باواجی، لە بەشی باکوری شارەکە، کە بەرزییەکەی دەگاتە ١٢٦٠م لە ئاستی ڕووی دەریاوە.

ئەوەی باواجی کۆیە لە شاخی گۆیژەی سلێمانی جیادەکاتەوە، ئەوەیە، باواجی نەدەکرێتە پرۆژەی نیشتەجێبوون، نە تونێڵ و نە ڕێگاوبانی مۆدێرنی تێدا دروست دەکرێت، کە بێگومان ئەمانەش نابێت لەسەر حیسابی تێکدانی سروشت و ژینگە بێت،بەڵکو بۆ بەرژەوەندی و قازانجی چەند کەسێک، کە ژمارەیان  لە پەنجەکانی یەک دەست تێناپەڕێت، جوانی و سروشتە ژینگەییەکەی دەشێوێنن و ناو سکی شاخەکەهەڵدەدڕن.

چیاکانی باواجی، پانکی کولێر، پانکی ناوەندێ، حەمەخاڵدان، تۆپزاوا، فەقێیان و دەوروبەری بەنداوی حەمامۆک، سەرجەمیان کە سروشتی جوانی کۆیە پێکدەهێنن، دەستدرێژیان کراوەتەسەر، سروشتەکەیان گۆڕدراوە، شێوێندراوە، ڕۆژانە لە ڕووی ژینگەییەوە ئەتک دەکرێن و بەرەو وێرانکاری زیادتر دەبرێن.

چەندین ساڵە، هەندێک کەس بە مۆڵەت و بێ مۆڵەت، بە بەرچاوی هەندێ لە بەرپرسانی شار، بەشێوەیەکی نازانستی و هەڕەمەکییانە، ڕۆژانە بە ئامێری جیا جیا و تەقەمەنی (تی ئێن تی)، خەریکی وێرانکاری سروشتەکەن و چینی ژێرەوەی کانەبەردەکانی ئەم شاخانە دەردەهێنن، وێڕای ئەوەی بە هەزاران داری سروشتییان لە ڕەگەوە وشک کردووە، جگە لەوەی بەم کارەیان مەترسی لەسەر تەقینەوەی بەنداوی حەمامۆک دروست دەکەن، چونکە بەبێ هیچ جۆرە ڕێنمایی و  لێپێچینەوە و چاودێرییەک ناو دڵی شاخەکان شەق شەق دەکەن و دەیتەقێننەوە.

وێڕای هەوڵدان، هەڵوێست و ناڕەزایی ژینگەدۆستان، ڕۆشنبیران و کۆمەڵەی سەوز، بۆ ڕاگرتنی ئەم وێرانکارییە و قەدەغەکردنی کارکردن لەم کانەبەردانەدا، کە زۆربەیان کەوتوونەتە ناو سنوری شارەوانی و گەشت و گوزار و ئاو و ئاودێری بەنداوەکانی کۆیە، ئەمەش واتە بەگوێرەی هیچ ڕێنماییەک مافی مۆڵەتی کارکردن لەو سنورانە بە کاری لەم جۆرە نادرێت. کەچی لە بەرانبەر ئەم دەستدرێژی و پەلاماردانە ژینگەییە نایاساییەدا، هێشتا دەسەڵات بە بێدەنگی تەنیا خەریکی سەیرکردنە، ئەمەش ئەو گومانانە قوڵتر دەکاتەوە، کە خودی کارەساتە ژینگەییەکە، نەک لە بێئاگایی دەسەڵات ئەنجام نادرێت، بەڵکو خودی بەرپرسانی باڵای شار هاوکار و یارمەتیدەری درێژەپێدانی وێرانکارییەکەن.

 ئێمە کاتێک ئەم قسانە دەکەین، کاتێک بەدواداچوون بۆ پرسی ژینگە و سروشتی ناوچەکەمان دەکەین، جگە لە خەمخۆری بۆ ژینگەی نیشتمان و ژیانی هاوڵاتیان هیچ مەبەستێکی دیکەمان نییە، کاتێک ئەم ڕستانەش دەنووسین، دوای ئەوە دێت، کە خەریکە لە بەشێکی گەورەی ئەم هەوڵانەمان نائومێد دەبین، کە لە ڕێی پەنابردنمان بۆ دەزگا ئیداری و یاساییەکان گرتوومانەتەبەر.

بۆ پێشگرتن بەم ئەنفالکردنەی ژینگە زۆر ڕێگەمان گرتووەتەبەر و زۆر هەنگاوی جیاجیامان ناوە، لەوانە:
یەکەم، چەندین جار، ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ، بە نامە، بەڵگەی وێنەیی و ڤیدیۆیی، قایمقامی کۆیەمان لە پێشێلکاری و وێرانکردنی ژینگەی ناوچەکە ئاگادارکردووەتەوە. داوامانکردووە لیژنەیەکی مەیدانی بە سەرپەرشتی خۆی بۆ  سەردانی شوێنەکان، بەدواداچوون، لێپێچینەوە و ڕێگریکردن، لە گۆڕینی سروشتی شاخەکانی کۆیە، پێکبهێنرێت، کە بە داخەوە وەڵامەکەی نەرێنی بووە.

دووەم، تۆمارکردنی سکاڵا لەسەر کەمتەرخەمی ئیدارەی شار  بەرامبەر وێرانکردنی ژینگەی کۆیە لە ٢٠٢٢/٤/١٤، لەلای بەڕێز جێگرانی داواکاری گشتی کۆیە، بە بەڵگەی وێنەیی، سکاڵا و نووسراوی بەڕێوەبەرایەتی گەشت و گوزار، بەڕێوەبەرایەتی ئاو و ئاودێری و بەنداوەکان، لەگەڵ ڕێنمایی و مەرجەکانی کارکردن، کە بەداخەوە وەڵامەکەیان ئەرێنی نەبووە.

سێیەم، نووسینی سکاڵا لەسەر کەمتەرخەمی ئیدارەی شار بەرامبەر وێرانکردنی ژینگەی کۆیە لە ٢٠٢٣/٦/١٤، لەلای بەڕێز داواکاری گشتی هەرێم بە بەڵگەی وێنەیی، ڤیدیۆیی، نووسراو و سکاڵای بەڕێوەبەرایەتی گەشت و گوزار و بەڕێوەبەرایەتی ئاو و ئاودێری و بەنداوەکان و ڕێنماییەکانی کارکردن، وەڵامەکەیان ئەرێنی بووە و پشتیوانی داواکارییەکەیان کردووە.

چوارەم، نووسینی سکاڵایەکی دی لەسەر کەمتەرخەمی ئیدارەی شار بەرانبەر وێرانکاری ژینگەی کۆیە لە ٢٠٢٤/٤/٢٠، لەلای داواکاری گشتی هەرێم بە بەڵگەی وێنەیی تازەوە. داواکارییەکەی وەرگرتووە و پشتیوانی خۆیان بۆ بەدواداچوون و چارەسەرکرنی دەربڕیوە، چاوەڕێی ئەنجام و کاری کردەیین.

پێنجەم، ئاگادارکردنەوەی نوسینگەی جێگری سەرۆک وەزیرانی حکومەتی هەرێم لە بۆنەی ڕۆژی کۆیە لە ٢٠٢٤/٥/١٠، بە پێدانی بەڵگەی وێنەیی و ڤیدیۆیی لەسەر شێواندن و وێرانکردنی ژینگەی کۆیە. داواکارییەکە وەرگیراوە ، چاوەڕوانی ئەنجام و هەنگاوی کردەیین.

وێڕای هەوڵدانێکی زۆر، تا ئێستا نەتوانراوە ڕێگری لە شێواندنی ژینگە و سروشتی ناوچەکەمان بکەین و  سیمای جوانییەکەی بپارێزین، بەڵام مانای ئەوە نییە ماندووبووین و بێدەنگ دەبین، بەڵکو هەوڵدەدەین فشارەکان گەورەتر و میکانیزمەکانی کارکردنیش فراوانتر و کاریگەرتر بکەین، تا بە هەوڵ و ماندووبوونی هەمووان، بتوانین زۆرترین خزمەت بە پاراستنی سروشت و ژینگەی نیشتمان و شارەکەمان بکەین.

لێرەوە، داوا لە دەزگای داواکاری گشتی هەرێمی کوردستان، تەواوی ئەو بەرپرس و دەزگا پەیوەندیدارانە دەکەین، کە خەمی ژیانی مرۆڤ و کۆمەڵگە و سروشتی کوردستانیان هەیە، بە کردەیی لە پشتی پاراستنی ژینگەی کوردستان و ناوچە جیاوازەکانی بوەستنەوە بەتایبەتیش ژینگەو دارستانی کۆیە، کە لە ئێستادا لەبەردەم مەترسی گەورە و هەڕەشەی ئەنفالکردنێکی ترسناکدایە! گرنگە هەرچی زووە و هەرچی دەکرێت جگە لە وەستاندنی دەستدرێژییەکان، کەمتەرخەم و ژینگەشێوێنەکانیش، بەبێ لەبەرچاوگرتنی ئینتیمای سیاسی و کۆمەڵایەتی، ڕووبەڕووی لێپێچینەوەی یاسایی بکەنەوە.


PM:12:33:28/06/2024