تیمی گوێژە بپارێزە بۆ حکومەت: دەستدرێژی لەسەر خاک بەناوی یاساوە رابگرن

تیمی گوێژە بپارێزە لەبەردەم مەحکەمەی شاری سلێمانی کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیان ئەنجام دا و بەیاننامەیەکیان خوێندەوە و داواکارن لە حکومەت " دەستدرێژی لەسەر خاک بەناوی یاساوە رابگرن".

ئەمڕۆ شەممە ٢٩ی حوزەیرانی ٢٠٢٤  تیمی گوێژە بپارێزە لە نوێترین هەڵویستیان بەرامبەر بە پرۆژەکانی نیشتەجێبوون  لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی کە پەیامنێری( سپی) ئامادەی بوو بەیاننامەیەکیان خوێندەوە و رایانگەیاند" بەکار هێنانی یاسا بۆ بەرژەوەندی کەس و حزب و کۆمپانیاکان لە هەرێمی کوردستان  دیاردەیە و ئەم دیاردەیەش لەرێگەی پشتگوێخستنی یاسا بۆ بەرژەوەندی حزب و کۆمپانیاکان مەترسی گەورەی دروسستکردوە بۆسەر داهاتووی هەموومان".

راشیانگەیاند" داواکارن لە سەرۆکایەتی داواکاری گشتی  کوردستان و دەستەی دەستپاکی هەرێمی کوردستان و فەرمانگەی داواکاری گشتی هەرێمی کوردستان، کە بەپێی یاسا ئەوان لایەنی پەیوەندیدارن، هەستن بەڕۆڵی یاسایی خۆیان و بەزوویی کاربکەن بۆ راگرتنی  ئەو پرۆژانە و دەستدرێژیانەی  کراوەتە سەر خاک و ژینگە و سرووشتی کوردستان و ژیانی هەموو هاوڵاتیانی خستووتە مەترسییەوە".

بۆ بینینی تەواوی کۆنگرە رۆژنامەوانییەکە سەردانی پەیجی(سپی) بکەن: https://fb.watch/s-ztu8LszP/

دەقی راگەیاندنی لیژنەی یاسایی تیمی گۆیژە بپارێزە..

سەرۆکایەتی داواکاری گشتی هەرێمی کوردستان
- دەستەی دەستپاکی هەرێمی کوردستان
- فەرمانگەی داواکاری گشتی سلێمانی
- دانیشتوانی شاری سلێمانی
- سەرجەم کەناڵەکانی ڕاگەیاندن
 
دەستدرێژی بۆسەر خاک بەناوی یاساوە ڕاگرن
 
بەکارهێنانی یاسا بۆ بەرژەوەندی کەس و حیزب وکۆمپانیاکان لایەنەکان لەهەرێمی کوردستان دیاردەیە ، ئەم دیاردەیەش لە ڕێگای پشتگوێخستنی یاسا یاخود دەرچواندنی یاسا بۆ بەرژەوەندی حیزب و کۆمپانیاکانیان، ئەمەش مەترسی گەورەی دروست کردوە بۆسەر داهاتووی هەمومان ، هەرلە بەهەدەردانی داهات و سامان تادەگاتە دەوڵەمەندبوونی نایاسایی و دروستکردنی کارەساتی تەندروستی و ژینگەیی و حساب نەکردن بۆ نەوەکانی داهاتوو.
لەئێستادا کەمەترسی گەورەدروست بووە لەڕێگەی پڕۆژەکانی نیشتەجێبوونەوە بۆسەر ژینگە و سروشت و سەرچاوەکانی ئاوو بەناوی وەبەرهێنانەوە ، جێگای خۆیەتی ئاماژە بەلایەنی یاسایی ئەم پرسە بکەین.
یاسای وەبەرهێنان وەک سەرچاوەی کارەساتەکە
یاسای وەبەرهێنان ژمارە " 4 " ی ساڵی " 2006 " کە لەپەرلەمانی کوردستان دەرچووە راستە یاسایەکە ناوی وەبەرهێنانە و بۆ وەبەرهێنان لە زۆر بواردا دورچووە کە لەماددەی دووەمی یاساکە باسی ڕەهەندە جیاوازەکانی کردوە وەک " پیشەسازی کشتوکاڵ ژینگە تەندروستی گەشتیاری و بانکەکان و پەروەردە و فێرکردن و گوستنەوە و گەیاندن تەنانەت لایەنی زانستی و توێژینەوەی زانستی " بەڵام یاساکە وەک ئەوەی بەبەری باڵای وەبەرهێنەرانی بواری نیشتەجێکردن دا دورابێت لە ماوەی هەژدەساڵی دەرچونیدا سەدان مۆڵەتی وەبەرهێنان بە پرۆژەکانی نیشتەجێکردن دراوە بێ هیچ مەرج و سودێکی گران لەسەریان دەیان هەزار دۆنم زەوی بە ناوی وەبەرهێنان بەپێی ماددە " چوارەم / دووەم” لەیاسای وەبەرهێنان بۆ وەبەرهێن تەرخان کراوە بەشێوەی مساطحە و بەنرخی هاندەر " مدعوم " بەڵام ئەوەی جێی پرسیارە ئایا دانی زەوی بە خۆڕایی و نرخی ڕەمزی هاندەرە یان بەخشینەوە ؟
لەکاتێکدا لەوەتەی ئەم یاسایە خراوەتە بواری جێبەجێکردن نرخی خانوبەرە  و کرێ زیادی کردوە و ئەم یاسایە بووەتە هۆی لەدەستدانی سیفەتی کشتوکاڵی زەوییەکان.
وەبەم جۆرە بەهەدەردانی زەوی بەنرخێکی ڕەمزی لە باشترین و جوانترین شوێنەکانی شارەکاندا ئەویش بەو کەسانەی توانیویانە ببنە خاوەنی مۆڵەتی دروستکردنی پرۆژەی وەبەرهێنان " بەهەر ڕێگایەک بێت " ئەمەش پاڵپشت بە بڕگەی هەشتەمی هەمان ماددە کە تیایدا باسی لەوەبەرهێنانی نیشتەجێکردن دەکات ، ئەمە جگە لەو هەموو بەخشین و ئاسانکارییانەی لە باج و رسومات بۆ وەبەرهێنەران بەپێی ماددەی پێنجەمی یاساکە کراوە و لەگرنگترینیان بەخشینیەتی بۆ ماوەی " 10 " ساڵ لە هەموو جۆرە باجێک !لە کاتێکدا  لەم کابینەدا بارگرانییەکی گەورە خراوەتە سەرهاوڵاتیان لەڕێگەی سەپاندنی  و زیادکردنی بڕی باج.
ئەنجامدانی ئەم پڕۆژانە ناکۆکە لەگەڵ برگەی پێنجەمی ماددەی ٨ یاسای وەبەرهێنان، لەم بڕگەیدا بە ڕوونی وەبەرهێنی پابەندکردووە لە کاتی ئەنجامدانی پڕۆژەکانیدا پاکی ژینگە و تەندروستی ژینگە بپارێزێت.
بەپێی بڕگەکانی ماددەی نۆیەمی هەمان یاسا کاتێک وەبەرهێن سەرپێچی دەکات، پێویستە دەستەی وەبەرهێنان ڕێکاری دژی بگرێتەبەر، لە ئیستا بەرپرسیاریەتی گەورە دەکەوێتە ئەستۆی دەستەی وەبەرهێنان، پێویستە ڕێکاری پێویست دژی کۆمپانیای قەیوان بگرێتبەر.
یاسای پاراستن و چاککردنی ژینگە و یاسای پاراستنی دارستان و پێشێلکارییەکان
لەمادەی بیست و هەشتەم بڕگەی چوارەمی یاسای پاراستن و چاککردنی ژینگە ئاماژە بەوەدەکات ( گۆڕینی ڕەگەزی زەوی وزار لەکشتوکاڵییەوە بۆ نیشتەجێ بوون یان پیشەسازی یان بازرگانی یان خزمەتگوزاری ، بەپیچەوانەی حوکمەکانی ئەم یاسایە ) جێی ئاامژەپێدانە زۆرینەی پرۆژەکانی نیشتەجێ بوون لەسەرزەوی کشتوکالی دروستکراون وەپاش دەرچواندنی ئەم یاسایە بڕیاری گۆڕینی ڕەگەزی زەوییەکە دراوە ، کە ئەمەش بەڕوونی پێچەوانەی حوکمەکانی ئەم یاسایە . 
لەئێستادا کەدروستکردنی پرۆژەی نیشتەجێ بوون لەسەر شاخی گۆیژە لەئارادایە بەهەمان شێوە بەپێی حوکمەکانی ئەم یاسایە کارێکی نایاسایی ئەنجامدراوە ، لەسەرەتادا ئەم پڕۆژەبەتەواوی پێچەوانەی حوکمەکانی یاسای ژینگەیە کەلەمادەی دووەمدا (٥) ئامانجی بۆ دەرچواندنی یاساکە داناوە کە ئەم پڕؤژەیە بەتواوی دژی ئەو ئامانجانەی یاساکەیە، بەهەمان شێوە پێچەوانەی ئامانجەکانی یاسای ژمارە (١٠) ی ساڵی ٢٠١٢ ، یاسای دارستان لە هەرێمی کوردستان  کە لە مادەی دووەمدا (٦) ئامانجی بۆیاساکە دیاریکردوە.
ئەگەر بەوردی سەرنجی هەردوو یاسای پاراستن و چاککردنی ژینگە و یاسای دارستان بدەین دەتوانین زۆر مادە و بڕگەیتر ئاماژە پێبکەین  کە ناکۆک و دژە لەگەڵ مۆڵەتدان بەم جۆرە پڕۆژانە .
بەپیێ ماددەی (٢٠) لەڕێنمایی ژمارە (١) ی ساڵی (٢٠٢٤) ی دەستەی ژینگەی هەرێم تایبەت بە پۆلێنی پرۆژەکان ، هەرپرۆژەیەک فراوانکردن و گۆڕانکاری سایت پلان ، نەخشە و ڕووبەری زەوی بکات ، ڕەزامەندییەکەی پیشووی هەڵدەوەشێتەوە ، پێویستە ڕاپۆرتی هەڵسەنگاندنی ژینگەیی  بۆ پڕۆژەکە ئەنجامبدرێتەوە و ڕەزامەندی نوێی پێ بدرێت ، ئایا ئەمانە ئەنجامدراون؟
چارەسەر
١-داواکارین لەبەڕێزان سەرۆکایەتی داواکاری گشتی هەرێمی کوردستان و دەستەی دەستپاکی هەرێمی کوردستان و فەرمانگەی داواکاری گشتی هەرێمی کوردستان کە بەپێی یاساکارپیکراوەکان ئەوان لایەنی پەیوەندیدارن بەم پرسەوە ، هەڵبستن بەڕۆلی یاسایی خۆیان و بەزووی کاربکەن بۆڕاگرتنی کۆی ئەو دەستدرێژیانەی کەدەکرێتە سەرخاک و ژینگە و سروشتی کوردستان کە ژیانی هەمووهاوڵاتیانی کوردستانی خستۆتە مەترسییەوە .
٢- هەموو یاساکانی هەرێم و عێراق بە یاسای وەبەرهێنانی ئاماژەبۆکراویشەوە لەژێر چاودێری دەستوری دادگای فیدڕاڵیدان و لە دەستوری عێراقیش دا بەپێی ماددە " 26 " وەبەرهێنان لەلایەن دەوڵەتەوە ئیدارە پاڵپشت دەکرێت و یاسای بۆ دەردەکرێت بەڵام هەر بەپێی ماددە " 27/ یەکەم " لە هەمان دەستور ماڵ و موڵکی دەوڵەت پارێزگاریکردنی واجب کردوە لەسەر هەموو تاکێک ! ، کەواتە نابێت یاسای وەبەرهێنان بەجۆرێک بێت بەهەدەردان و بەخشینەوەی زەوی و خاکی وڵاتی تێدابێت .
٣- دەرکردنی یاسایەک بەو جۆرە لەهەرێم کە زەوی و شاخ و باخ و سەوزایی کردە بەخشش بۆ وەبەرهێنەران و لە سایەیدا بونە ملیۆنەری دۆلار لەسەر موڵک و زەوی دەوڵەت گشتی پێچەوانەی دەقەکانی ئەو دەستورە نیە ؟
یاسایەک ئەمە ئەنجام و دەرهاویشتەو سودو زیانەکانی بێت کاتی ئەوە هاتووە تانەی بەنادەستوری بونی لەدادگای فیدراڵی لێبدرێت تا چیدیکە لەژێر ناوی یاسادا خاک و ئاوی ئەم وڵاتە بەهەدەر نەدرێت .
 
 
گۆیژە بپارێزە
٢٩/٦/٢٠٢٤





PM:12:33:29/06/2024