لە ٦ مانگی یەکەمی ئەمساڵدا ٢٧٠ کۆڵبەر کوژراو و برینداربوون

٢٧٠ کۆڵبەر لە شەش مانگی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٤دا کوژراو و بریندار بوون، ٢٢٢ حاڵەتییان واتە بە ڕێژەی ٨٢٪ بە هۆی تەقەی ڕاستەوخۆ یان لێدانی هێزەکانی ڕژێمی ئێرانەوە بووە.

ماڵپەڕی کۆڵبەر نیوز، ژمارەی قوربانییانی کۆڵبەری لەسەر سنووری ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە ماوەی شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵدا بڵاوکردەوە و رایگەیاند" لە شەش مانگی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٤دا، بە گشتی ٢٧٠ کۆڵبەر لە ناوچە سنوورییەکان و ڕێگاکانی نێوان شارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەهۆی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی حکومەتی ئێران، داڕمانی بەفر، ڕەق بوونەوە، ڕۆیشتن بەسەر مینە چێندراوەکان، کەوتنە خوارەوە لە شاخ و بەرزاییەکان و حاڵەتەکانی دیکە کوژراون و بریندار بوون".

ئاماژە بەوەکراوە، لەو ژمارەیە بە گشتی ٣٤ کۆڵبەر بەڕێژەی ١٣٪ کوژراون و ٢٣٦ کۆڵبەر بەڕێژەی ٨٧٪ بریندار بوون، بە بەراورد بە نیوەی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٣، ژمارەی کوژراو و بریندارەکانی کۆڵبەران بە ڕێژەی ٢١٨ زیادی کردووە.

بەگوێرەی ئامارەکە، لەو ٢٧٠ کۆڵبەرە کە لە شەش مانگی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٤دا کوژراو و بریندار بوون، ٢٢٢ حاڵەتییان واتە بە ڕێژەی ٨٢٪ بە هۆی تەقەی ڕاستەوخۆ یان لێدانی هێزەکانی ڕژێمی ئێرانەوە بووە.



PM:06:46:01/07/2024