پەروەردەی هەرێم هەلی دامەزراندنی بۆ مامۆستایان ڕاگەیاند

وەزارەتی پەروەردەی هەرێم هەلی دامەزرانی بۆ دەرچووانی کۆلێژەکانی ئەندازیاری، پەروەردە، زانستەکان، ئابووری و کارگێڕی لە سنووری پارێزگای هەولێر ڕاگەیاند. 

وەزارەتی پەروەردەی هەرێم، ئەمڕۆ دووشەممە ١ی تەموزی ٢٠٢٤ لە بڵاوکراوەیەکدا ڕایگەیاند" دەرچووانی کۆلێژەکانی ئەندازیاری، پەروەردە، زانستەکان، ئابوری و کارگێڕی سنووری پارێزگای هەولێر دەتوانن سیڤییەکانیان پێشکەش بکەن بۆ بوون بە مامۆستای پیشەیی". 

ئاماژەی بەوەشکردووە، خوازیاران دەتوانن لە ڕێگەی لینکی واتسئاپەوە بە ئۆنلاین سیڤییەکانیان پێشکەش بکەن بۆ مەبەستی بوون بە مامۆستای پیشەیی لە پەیمانگای پیشەیی هەولێری پێنج ساڵی(خوێندنی ئینگلیزی). 

ئەوەشخراوەتەڕوو، پێویستە خوازیاران زمانی ئینگلیزی زۆر باش بزانێ لە ئاستی ئینتەرمیدیەت بی وەن پلەس، ئامادەییان هەبێت بۆ هەڵسەنگاندنی زمانی ئینگلیزی و پسپۆڕییە پیشەییەکان، هەروەها بەڵێن بدات تا پێنج ساڵ لە خزمەت بەردەوامبێت لە پەیمانگە.


PM:07:05:01/07/2024