وەزارەتی شارەوانی هەرێم ڕایدەگەیەنێت" ئاڵۆزییەک لە دانانی گرێبەستەکان هەبووە و بەشێکی فەرمانبەرە گرێبەستەکان بە ناونیشانێک گرێبەستیان بۆ کراوە کە گونجاو نییە"، دەشڵێت" پابەندین بە رێكار و یاسا و رێنماییەكان بۆ بەهەمیشەییكردنی فەرمانبەرانی گرێبەست".
وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری هەرێم، ئەمڕۆ دووشەممە ١ی تەموزی ٢٠٢٤ لە ڕاگەیەنراوێكدا بڵاویکردەوە" بۆ ڕای گشتی و بە تایبەتی فەرمانبەرانی گرێبەست لە دامودەزگەكانی سەر بە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار ڕایدەگەیەنین، كە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار پابەندە بە ڕێكار و یاسا و ڕێنماییەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان و لایەنی پەیوەندیدار بۆ بەهەمیشەییكردنی فەرمانبەرانی گرێبەست".
ڕاشیگەیاندووە" ئەوەی لە ڕووی یاسا و ڕێكارەكانەوە لەسەر وەزارەتمان بووبێت كاری پێویستیان لەسەر كراوە و لە داهاتووشدا لە چوارچێوەی سیاسەتی حكومەتی هەرێمی كوردستان پابەندین بەو بابەتەوە".
دەشڵێت" ئەگەر هەر سەرنجێکیشمان هەبووبێت، ئەوا لەبەر بەرژەوەندی فەرمانبەرانی گرێبەست بووە و لەبەر ئەوە بووە کە زۆرترین ژمارەی فەرمانبەرانی گرێبەست لە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزارن کە ژمارەیان لە ١٤٠٠٠ فەرمانبەر زیاترە و ویستراوە کە باشترین وردەکاری تێدا بکرێت و مافی هیچ فەرمانبەرێکی گرێبەست پێشێل نەکرێت".
وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری هەرێم ئاشکراشیکردووە، بەشێکی فەرمانبەرە گرێبەستەکان بە ناونیشانێک گرێبەستیان بۆ کراوە گونجاو نییە و لە ئاست ئەو بڕوانامەیە نییە کە هەیانە، دەبێت بەو ناونیشانە هەمیشەیی بکرێن کە هاوشانی بڕوانامەکانیانە، نەوەک بە ناونیشانێک کە لەگەڵ خوێندن و لێهاتوویی و لێوەشاوەیی و بڕوانامەی ئەو فەرمانبەرانە یەکناگرێتەوە.