نێچیرڤان بارزانی: هیچ دەلیلێک نییە یەکێتی وەک هێزی سیاسی لە پشت سوتانی بازاڕەکانی هەولێر و کەرکوکەوە بێت

سەرۆکی هەرێم، نێچیرڤان بارزانی رای جیاوازی هەیە لەسەر رۆڵی یەکێتی لە سووتانی بازاڕەکانی هەولێر و کەرکوک و ئەو پێوایە کە یەکێتی وەک حزب هیچ رۆڵێکی لەو رووداوەدا نییە.

لەکاتی سەردانەکەیدا بۆ وڵاتی نەمساو کۆبوونەوەی لەگەڵ بەپرسانی ئەو وڵاتە، نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێم لە وەڵامی رۆژنامەنووسێکی رووداودا لەسەر هەبوونی رۆڵی یەکێتی لە سووتانی بازاڕەکانی هەولێر و کەکوک وتی" وەک وازحە کە پەکەکە لە پشت ئەم مەسەلەیە بووە و ئەوەی لە هەولێر و کەرکوک روویداوە".

لە درێژەی قسەکانیدا نێچیرڤان بارزانی وتیشی " ئەوەی پەیوەندی بە یەکێتی نیشتمانی کوردستانەوە هەبێت، هیچ دەلیلێک نییە یەکێتی نیشتمانی کوردستان وەک حزب پاڵپشتی ئەم مەسەلەیەی کردبێت، لەو تەحقیقانەی لەبەغداوە کراوە هەموو بینیتان، ممکنە ئەفراد هەبن، پێشتر ئەندامبووبن، ئەمە وەزعێکی ترە، بەلآم وەک هێزێکی سیاسی هیچ دەلیلێک نییە، یەکێتی لە پشت ئەم مەسەلەیە بێت".

لە بارەی سەردانەکەیەوە بۆ بۆ وڵاتی نەمسا، نێچیرڤان بارزانی وتی" پەیوەندییەکی زۆر کۆنمان لەگەڵ نەمسا هەیە و دەگەڕێتەوە بۆ ساڵانی زۆر کۆن. دوایین جار کە وەزیری دەرەوەی نەمسا سەردانی هەرێمی کوردستان و عێراقی کرد، ئێمەی داوەت کرد بۆ ئەوەی سەردانی نەمسا بکەین. ئێمەش لەسەر ئەو بنچینەیە هاتووین. بۆ ئەوەش کۆبوونەوەیەکی درێژمان لەگەڵ وەزیری دەرەوە هەبوو. ئێستاش لەگەڵ سەرۆککۆمار [کۆبووینەوە]." لە کۆبوونەوەکان لەگەڵ وەزیری دەرەوە و سەرۆککۆمار باسی بەرەو پێشبردنی پەیوەندی عێراق و هەرێمی کوردستان لەگەڵ [نەمسا] کرا. ئێمە وا هەست دەکەین نەمسا خوازیاری ئەوەیە ئەم پەیوەندییە لە رووی ئابووری، سیاسی و داراییەوە پەرەی پێ بدرێت. بە دڵنیاییەوە ئەوان باڵیۆزخانەیان لە بەغدا کردووەتەوە و ئێمەش داوامان کرد لە هەولێر کۆنسووڵخانە بکرێتەوە. بێگومان باڵیۆزی عێراق چاودێری ئەم بابەتە دەکات. ئەوەی من بینیم تێگەیشتنێکی باشیان هەیە، چی بۆ پەرەپێدانی ئابووری و چی بۆ پەرەپێدانی پەیوەندی سیاسی لەگەڵ عێراق و هەرێمی کوردستان. ئەمڕۆ سوپاسی پێشوازی سەرۆککۆمارمان کرد و هیوادارین ئەم پەیوەندییە لە هەموو روویەوەکەوە بەرەو پێش بڕوات".



PM:06:07:02/07/2024