عێراق لیستی مووچەی هێزەئەمنییەکانی بۆ هەرێم گەڕاندەوە

بە پاساوی کێشە و کەموکورتی، وەزارەتی دارایی عێراق لیستی مووچەی مانگی نیسانی پێشمەرگەی پەسەند نەکردووە.

سەرچاوەیەک لە وەزارەتی پێشمەرگە رایگەیاند" بە پاساوی کێشە و کەموکورتی، وەزارەتی دارایی عێراق لیستی مووچەی مانگی نیسانی پێشمەرگەی پەسەند نەکردووە و داوایکردووە گۆڕانکاریی تێدابکرێت".

وتیشی "وەزارەتی دارایی بە لایەنی حکومەتی هەرێمی کوردستانی راگەیاندووە، لە بەغدادەوە شاندێک رەوانەی هەولێر دەکات بۆ چاککردنەوەی لیستی مووچەی پێشمەرگە".

سەرچاوەکە دەڵێت" وەزارەتی دارایی عێراق تێبینی لەسەر لیستێکی مووچەی پێشمەرگە هەیە و بۆ وردبینی تەواو لە لیستی هێزەکانی حەفتا و هەشتا لیژنەیەک هاتووەتە هەرێمی کوردستان و سەرقاڵی وردبینییە".

هاوکات سەرچاوەیەک لە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق لەمبارەیەوە رایگەیاند" تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق لیستی مووچەی مانگی حوزەیرانی پێشمەرگەی پەسەند نەکردووە، رژدە لەسەر ئەوەی لیستەکە چاکبکریتەوە، یاخود سەرۆکوەزیرانی عێراق بڕیاری خەرجکردنی مووچەی هێزەکانی پێشمەرگە بدات".

حکومەتی عێراق تاوەکو ئێستا بەتەنیا مووچەی نیسانی هێزە ئەمنییەکانی خەرجکردووە کە بڕەکەی ٣٤٤ ملیار و ٨٧٥ ملیۆن دینار بووە.



AM:12:15:03/07/2024