ژمارەیەک چالاکوان دژی لەشەکرکێشی تورکیا راگەیاندنێک بڵاودەکەنەوە


ژمارەیەک چالاکوان لە راگەیاندنێکدا نیگەرانی قووڵ و ناڕەزایی تووندی خۆیان دەردەبڕن سەبارەت بە لەشکرکێشیی سەربازیی دەوڵەتی تورکیا بۆ ناو قووڵایی خاکی هەرێمی کوردستان و داگیرکردنی ژمارەیەک گوندی سەر سنوور لە دەڤەری بادینان.

لەو راگەیاندنەدا کە واژووی ٣٠ چالاکوانی پێوەیە و ئاراستەی هەردوو سەرۆکایەتی هەرێم و حکومەت و هەردوو حزبی حوکمڕانی پارتی و یەکێتی کراوە هاتووە" ئێمە سەرەڕای نیگەرانیمان بەرامبەر ئەم پێشێلکاری و داگیرکاری ولەشکرکێشیە سەربازییەی دەوڵەتی تورکیا، نیگەرانین لە بێدەنگیی دامەزراوە فەرمییەکانی هەرێمی کوردستان و حیزبەکانی دەسەڵات و دەرەوەی دەسەڵات لە هەرێمی کوردستاندا، هەروەک ئەوەی پێمان بڵین بێدەنگیمان نیشانەی ڕازیبوونمانە بەوەی کە دەگوزەرێت".

دەقی راگەیاندنەکە..

بۆ/ بەڕێزان:
سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان –عێراق
حکومەتی هەرێمی کوردستان – عێراق
مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان
مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان
مەکتەبی سیاسیی حیزبەکانی تری هەرێمی کوردستان

بەناوی ژمارەیەک چالاکی مەدەنیی هەرێمی کوردستان، نیگەرانی قووڵ و ناڕەزایی تووندی خۆمان دەردەبڕین سەبارەت بە لەشکرکێشیی سەربازیی دەوڵەتی تورکیا بۆ ناو قووڵایی خاکی هەرێمی کوردستان و داگیرکردنی ژمارەیەک گوندی سەر سنوور لە دەڤەری بادینان و دانانی بازگەی سەربازی و ناچارکردنی دانیشتوانی هەندێک لەو گووندانە تا ناوچەکانی خۆیان چۆڵ بکەن کە بێگومان ئەم ڕەفتارانەش پێشێلکردنێکی بەرچاوی سەروەریی خاکی هەرێمی کوردستان و عێراقە.
ئێمە سەرەڕای تێگەیشتنمان لەو ئاڵنگارییانەی کە لەو سنوورەدا ڕووبەڕووی ئاسایشی ناوخۆیی هەرێمی کوردستان بوونەتەوە ، درک بەو ڕاستییەش دەکەین کە چارەسەرکردنی ئەم کێشانە دەبێت لە ڕێگەی هاوکاریکردنی یەکتر و هەوڵدان بۆ فەراهەمکردنی ئاشتی و ڕێزگرتن لە سەروەریی خاکی یەکتری و لێکتێگەیشتنی نێودەوڵەتی و دەستوەرنەدان بێت لە کاروباری یەکتری. بەپێچەوانەی ئەمانەوە، بۆمبارانکردن و داگیرکاری و لەشکرکێشیی سەربازی و پێشێلکردنی سەروەریی خاکی هەرێمی کوردستان، تووندوتیژیی زیاتر بەرهەم دەهێنێت و دەبێتە مایەی نائارامی و تێکچوونی ئاسایشی ناوچەکە.
ئێمە سەرەڕای نیگەرانیمان بەرامبەر ئەم پێشێلکاری و داگیرکاری ولەشکرکێشیە سەربازییەی دەوڵەتی تورکیا، نیگەرانین لە بێدەنگیی دامەزراوە فەرمییەکانی هەرێمی کوردستان و حیزبەکانی دەسەڵات و دەرەوەی دەسەڵات لە هەرێمی کوردستاندا، هەروەک ئەوەی پێمان بڵین بێدەنگیمان نیشانەی ڕازیبوونمانە بەوەی کە دەگوزەرێت.
قەوارەی دەستووریی هەرێمی کوردستان- عێراق بەرهەمی خەباتی بێوچان و ڕەنج و کۆششی نزیکەی سەد ساڵی ڕابردوی گەلی کوردستانە کە بە درێژایی ئەو مێژووە ڕووبەڕووی پاکتاوی نەژادی و کۆمەڵکوژی و زیندانیکردن و ئەشکەنجەدان و سوتماککردنی خاکەکەی بۆتەوە، لەبەرئەوە بێدەنگبوون لەم دۆخە مەترسیدارە و بەشداریکردن لەگەڵ سوپای دەوڵەتی تورکیا لەو گەمەیەدا بەرپرسیارێتییەکی مێژوویی یەکجار گەورەیە و قوومارکردنە بە خاکی کوردستان و چارەنووسی گەلەکەی لە ئێستا و ئایندەدا.
هەر بۆیە داواتان لێ دەکەین بێدەنگی بشکێنن و ڕاشکاوانە بیروبۆچوون وهەڵوێستە سیاسی و دیبلۆماسییەکانتان بۆ میللەتەکەی خۆتان ڕوون بکەنەوە، واز لە چرپەچرپ وگفتوگۆی ژێربەژێر بهێنن و بە دەنگێکی دلێر لەگەڵ هاوڵاتییەکانی خۆتاندا بدوێن و ئەستۆی خۆتان لەو بەرپرسیارێتییە مێژووییە پاک بکەنەوە. کاتی ئەوەیە هەموومان بە یەک دەنگ بڵێین نا بۆ داگیرکاری ولەشکرکێشیی سەربازیی دەوڵەتی تورکیا بۆ ناو خاکی هەرێم و پێکەوە داوا لە دەسەڵاتە فیدڕالییەکانی عێراق بکەین کە هەڵوێستێکی بەپەلە و کاریگەریان هەبێت بەرامبەر بەم کردەوانەی دەوڵەتی تورکیا، هەروەها داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بکەین سنوورێک دابنێت بۆ لەشکرکێشی و دەستوەردانەکانی تورکیا لە کاروباری هەرێمی کوردستان و ڕێز لەو یاسا و پەیماننامە نێودەوڵەتیانە بگرێت کە پەیوەندی نێوان دەوڵەتەکان ڕێک دەخات.
کۆمەڵێک چالاکی مەدەنی
  سلێمانی ٢/٧/٢٠٢٤

ناوەکان:
1-کاوان فەرەج عەلی ... چالاکوانی مەدەنی و راوێژکاری دارایی
2-سەفوەت سدقی ... پارێزەرو ئەندامی ئەنجومەنی کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکان (قۆناغی راگوزاری)
3-گیب جەبار ... ئەندازیارو نوسەر.
4-محەمەد کەریم ...جێگری سەرۆکی مونتەدای ئابوریناسانی کوردستان ... سەرۆکی پێشووتری دەستەی وەبەرهێنان 
5-خەبات عەبدوڵڵا ... نووسەر و رۆژنامەنووس 
6-گەشە دارا حەفید ... پارێزەرو ئەندامی پێشووتری پارلەمانی کوردستان
7-د. کامەران قەرەداخی ...ئەکادیمی و پزیشکی پسپۆڕ. 
8-د. رازاو مەحمود فەرەج ... ئەکادیمی و ئەندامی پێشووتری پارلەمانی کوردستان
9-تەحسین قادر ... وەزیری پێشووتری سەرچاوەکانی ئاو لە حکومەتی هەرێمی کوردستان.
10-پەروا عەلی... ئەندامی پێشووتری پارلەمانی کوردستان.
11-مەحمود رەزا ئەمین... ئەندامی پێشووتری ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق
12-ئارام جەمال... چالاکوانی مەدەنی و شارەزا لەکاروباری هەڵبژاردنەکاندا.
13-د. پەروین نوری عارف ... ئەکادیمی و شارەزا لە مێژووی زارەکی
14-ئەبوبەکر عومەر عەبدوڵڵا ... ئەندامی پێشووتری پارلەمانی کوردستان
15-شۆڕش ئەمین ... چالاکوانی مەدەنی.
16-ستارە عارف... نوسەر و رۆژنامەنووس
17-د. شێرکۆ حەمە ئەمین ... ئەندامی پێشووتری پارلەمانی کوردستان
18-فەرەیدون عومەر ... بەڕێوەبەری پێشووی هاتوچۆی سلێمانی
19-نەوزاد مەجید شەریف... مافناس 
20-ئیبراهیم مەجید فەرەج ... مامۆستای زانکۆ
21-د. دارا محەمەد جەمیل ... ئەکادیمی و راوێژکاری وەزارەت
22-موحسین ئەدیب... بەڕێوەبەری گشتی رۆشنبیری سلێمانی
23-بابەکر دڕەیی ... نوسەرو رۆژنامەوان
24-شوان عەبدوڵڵا تۆفیق... زیندانی سیاسی
25-عەبدولڕەحمان قادر غەفور...زیندانی سیاسی
26-جەمال شێخ جەلال... فەرمانبەری خانەنشین
27-رێبوارحەمە ئەمین ... خاوەنکار 
28-ئیبراهیم ئەحمەد ساڵح... فەرمانبەری خانەنشین.
29-هۆمەر محەمەد ...نوسەرو چالاکوانی مەدەنی.
30-بابان جەعفەر .... چالاکوانی مەدەنی



AM:12:27:04/07/2024