ڤیدیۆ.. بۆ جاری یەکەم هێزێکی سەربازی تورکیا لە گوندی سەرگەلێ جێگیرکرا

شەوی رابردوو هێزێکی سوپای تورکیا لە گوندی سەرگەلێ لە بناری چیای مەتین سەر بە قەزای ئامێدی لە پارێزگای دهۆک جێگیرکراوە.

بەدێژایی شەوی رابردوو هێزە ئاسمانیەکانی سوپای تورکیا چیای مەتین و چەند شوێکێ تر لە سنۆری قەزای ئامێدییان بە سەختی بۆردومان کرد.

کاتژمێر دووی شەوی رابردوو کاروانێکی ئۆتۆمبێلە سەربازیەکانی سوپای تورکیا پێکهاتبوون لە هەمەر و باجەر و تانك زریپۆش لە باکووری گوندی سەرگەلێ لە بناری چیای مەتین بە دووری کەمتر لە کیلۆمەترێك لە سەنتەری گوندەکە جێگرکران، ئەمە بۆ جاری یەکەمە سوپای تورکیا هێزی سەربازی لە گوندی سەرگەلێ لە بناری چیای مەتین جێگردەکات.

ساڵێ رابردوو لە بەرزاییەکانی گوندی سگێرێ و سۆری سگێرێ و چیای مەتین لە ڕۆژئاوای گوندی سەرگەلێ سوپای تورکیا چەند بارەگایێکیان دروست کرد، بەپێ زانیاریەکان هێزێکی زۆری سەربازی لەوێ جێگیرکراوە.

هاوکات لە سەرەتای مانگی رابردوو تا ئێستا بەهۆی بۆردومان و بڵاوکردنەوەی هێزی سەربازی لەو ناوچەیە چوار گوند و بنکەیەکی تەندروستی لە دەڤەری بەرواری باڵای سەر بە ناحیەی کانی ماسێ چۆڵکراون.

ماوەی چەند رۆژێکە تۆپباران و بۆردومانی تۆپخانەو هێزە ئاسمانیەکانی سوپای تورکیا لە گوندەواری دەڤەری نهێل و چیای مەتین لە قەزای ئامێدی چڕتربووە و شەو و رۆژ ئەو ناوچانە دەکرێنە ئامانج.

بۆ بینینی ڤیدیۆکە سەردانی تیلیگرامی سپی بکەن: https://t.me/speemedia




AM:11:33:04/07/2024