هەپەگە كوژرانی ١٠ سەربازی توركیای لە هەرێم ڕاگەیاند

هێزەکانی پاراستنی گەل - هەپەگە دواینیوەڕۆی ئەمڕۆ پێنج شەممە دەربارەی شەڕ و ئاڵۆزییەکانی ئەمڕۆی سوپای تورکیا و گەریلاکانی پەکەکە لە گوندی سەرگەلێی سەر بە قەزای ئامێدی ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت" ١٠ سەربازی ئەو وڵاتە كوژراون و ٧ سەربازی دیکەش برینداربوون".

ناوەندی راگەیاندن و چاپەمەنی هێزەكانی پاراستنی گەل - هەپەگە، لە راگەیەندراوێكدا بڵاویکردەوە" شەڕێكی سەخت لە نێوان گەریلا و هێزەكانی سوپای توركیا لە شاخی (بەهار) لە ناوچەی رۆژئاوای زاپ بەڕێوەدەچێت و دوێنێ ٣ی تەمموز قۆڵەكانی شەڕ لەو شاخە ١٧ جار لە لایەن فڕۆكەی جەنگی توركیاوە بۆردومانكراون". 

دەشڵێت" هێزەكانی سوپای توركیا دوای هێرشی فڕۆكە جەنگییەكان و هەلیكۆپتەر هەوڵیاندا بە هەلیکۆپتەر لە هێڵی ئامێدییەوە و لە هێڵی دێرەلوکەوە سەرباز لە شاخی بەهار دابەزێن، بەڵام هێزەكانیان لەو هەلیکۆپتەرانە هاتونەتە دەست و بەوهۆیەوە هەلیکۆپتەرەکان نەیانتوانیوە هێزەکانیان دابەزێنن". 

هەپەگە دەشڵێت" لە لای رۆژئاوا و رۆژهەڵاتی شاخی بەهارەوە کە هێزەکانی ئێمەی تێدا نییە، توانیان هێزەکانیان دابەزێنن". 

لە ڕاگەیەندراوەکەی هەپەگەدا هاتووە" سوپای تورکیا بە ئۆتۆمبێلی زرێپۆش و حەفارەکانی، ئەمڕۆ پێنجشەممە، بە قۆڵێكی دیكەوە و بە رێگەی زەمینی لە ناوەندی شاری ئامێدییەوە لە بازگەی سەرگەلێ تێپەڕبوو و هەوڵیدا لە بەنداوی سەرووی گوندی سەرگەلێ جێگیر ببێت و گەریلا بە چالاکییەکانی بەرپەرچیان داوەتەوە و لەو چالاکیەدا دوو سەربازی توركیا كوژراون و شەش سەربازییش برینداربوون و شەڕیش بەردەوامە". 

ئەوەشی خستۆتەڕوو، دوێنێ لە شاخی ئامێدی ناوچەی رۆژئاوای زاپ، لە چالاكییەكی دیكەی گەریلادا کامێرایەکی حەراری چاودێری سوپای توركیا لەناوبراوە.

هەر بەپێی راگەیەندراوەكە، رۆژی ٢ی ئەم مانگە، لە چالاكییەكی گەریلادا لە ناوچەی خواكورك، ٣ سەربازی توركیا كوژراون و یەكێكی دیكەش برینداربووە.

وەك لە راگەیەندراوەكەدا هاتوە" رۆژی ٣٠ی حوزەیرانیش، لە چالاكییەكی دیكەی گەریلادا لە ناوچەی مەتینا، ٥ سەربازی توركیا كوژراون و هەروەها مۆڵگەیەك و دوو كامێرای چاودێری لەناوبراون، رۆژی ٣٠ی حوزەیران بەهۆی بۆردومانی توركیاوە لە ناوچەی مەتینا ٣ گەریلا شەهیدبوون". 



PM:07:02:04/07/2024