وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێم و شاندێكی بانكی ناوەندیی عێراق کۆبوونەوە بۆ تاوتوێكردنی كردنەوەی بانكی نیشتمان، کە لە کاتی کردنەوەیدا هاوڵاتییان لە چەندین پێشینە و قەرز و خزمەتگوزاریی دارایی و بانکی سوودمەند دەبن.
ئەمڕۆ پێنجشەممە شاندێکی بانکی ناوەندیی عێراقی سەردانی وەزارەتی دارایی و ئابوورییان کرد و لەلایەن بەڕێوەبەرانی وەزارەتەكە پێشوازییان لێ کرا.
لە راگەیاندراوێکدا هاتووە "لەدیدارێکدا گفتوگۆ لە سەر دوایین هەنگاوەکانی پێکهێنانی بانکی نیشتمان کرا و هەردوولا جەختیان لەسەر هەماهەنگی دوولایەنە بۆ سەرخستنی پڕۆسەی پێکهێنانی بانکەکەیان کردەوە لە نزیکترین کاتدا و ڕۆڵی بانکەکەیان لە پڕۆسەی پێشخستنی بواری دارایی و ئابووری لە هەرێمی کوردستان و عێراق بەرزنرخاند".
وەک پلانی بۆ دنراوە، بانکی نیشتمان کە سەرمایەکەی زیاتر لە ٢٥٠ ملیار دینار دەبێت، کۆتایی ساڵی ڕابردوو لەلایەن بانکی ناوەندیی عێراق مۆڵەتی فەرمی پێ درا، بە دەستبەکاربوونی ئەم بانکە فەرمانبەران و هاوولاتییان لە چەندین پێشینە و قەرز و خزمەتگوزاری دارایی و بانکی سوودمەند دەبن و سەرجەم بانکە حکوومییەکانی وەزارەتی دارایی لەژێر چەتری بانکی نیشتمان ڕێک دەخرێنەوە.