عەتا سەراوی: لە ئاسایشی سلێمانی راگیراوم

بەیانی ئەمڕۆ هەینی عەتا سەراوی ئەندامی پێشووی سەرکردایەتی یەكێتی نیشتمانی كوردستان، لە فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی پارێزگای سلێمانی لە لایەن هێزێكی ئاسایشەوە دەستگیركرا و لە ڕوونکردنەوەیەکیشدا پەیامێكی توند ئاراستەی بافڵ تاڵەبانی و قوباد تاڵەبانی دەكات.
 
عەتا سەراوی ئەندامى پێشووى سەرکردایەتى یەکێتى، ئەمڕۆ لە پەیامێکدا بڵاویکردەوە" کاتژمێر (٤:٠٠)ی بەیانى ئەمڕۆ لەگەڵ گەیشتنم بە فڕۆکەخانەى سلێمانى ھێزێکی زۆری سوات ھاتن و داوایان لێکردم کە فەرمانیان پێکراوە لەگەڵیان تا ئاسایشی گشتی بچم". 

سەراوى لە ڕوونکردنەوەکەدا دەشڵێت" بێ ئەوەی بزانم بۆ و لە پایی چی و بە فەرمانی کێ و وە چ سیناریۆ و گەمەیەکی قێزەون یان بۆ ئامادە کردوم، لە ئاسایشی گشتی ڕاگیرام". 

عەتا سەراوى نوسیویەتى" دەمەوێ چاک بزانن یەکێتى ھی ئێمەیە و ئەوانەى دەیانەوێت لە یەکێتی دەرمان پەڕێنن زۆر سەھون وەک مێخ لەسەر دڵ یان دەچەقین و بکەری ئەم گەمە سەخیفە دڵنیابن دەیەوێت لەم سەروبەندی ھەڵبژاردنە بە خەڵک بڵێ ئەوە وەفایی یەکێتییە بۆ کەس و بنەماڵە و عەشرەتێک کە دەیان شەھیدیان ھەیە". 

لە کۆتایی پەیامەکەیدا دەڵێت" داوا لە بافڵ تاڵەبانی و قوباد تاڵەبانى دەکەم، تکایە من ئامادەیی ڕووبەڕووبونەوەى ھەر تۆمەتێکی داتاشراو دەبم کە بۆم حازر کراوە و بۆم دادەتاشن، بۆیە تکایە ئەوە ئێمە و مێژوی خوێناویمان و ئەوەش ئێوە و ئەو ئەڵقە لە گوێ یانەی لە پشتی ئێوە پەلاماری ئێمە ئەدەن". 

هەروەها دەشڵێت" تکایە ئەمە ڕانەگرن، دەرئەنجام کێ لە پشت ئەم بێڕێزییەوە بێت، بێ باج نابێت لێی دەربچێ، دەشمەوێ بزانم ئەگەر بڕیارێکی سیاسیتان لە پشت ئەم شانۆگەرییەتانە دڵنیابن پلان دانەرخۆی دەسوتێنێ".

نیوەڕۆی ڕۆژی ١٩ی نیسانی ئەمساڵ لە سەرچناری شاری سلێمانی ئۆتۆمبێلێکی عەتا سەراوی ئه‌ندامی پێشووی سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتی نیشتیمانی کوردستان گڕیگرت، بێجگە لە سووتانی دوو ئۆتۆمبێلی دیکە هیچ زیانێکی گیانی لێنەکەوتووەتەوە. 
هەروەها ئێوارەی هەمان ڕۆژ هێزێکی ئەمنی چوونە سەر ماڵی عەتا سەراوی لە گەڕەکی سەرچنار و چەند پاسەوانێکیان دەستبەسەرکرد بە مەبەستی لێکۆڵینەوەی زیاتر لە ڕووداوەکە. 


PM:12:08:05/07/2024